Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 15:31

حكومەتی هەرێم بە ئامادەیی نوێنەرایەتیی وڵاتان بەردەوامبوونی لەسەر جێبەجێكردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤ دووپات كردەوە

کوردستان TV
100%


دیداری بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵگەری و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان لەبارەی (پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ) و دوایین هەنگاو و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە بەڕێوەچوو و تێیدا بەردەوامیی ڕژدی دامودەزگاكانی حكومەت لە جێبەجێكردنی ئەو پلانەدا دووپات كرایەوە.

لە شاری هەولێر، هەریەک لە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، د. جوتیار عادل، بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د. دیندار زێباری، ڕێکخەری راسپاردە نێوەدەوڵەتییەکان لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەرایەتیی وڵاتانی دەرەوە و نوێنەری یونامی، كۆبوونەوە.

لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا، دزەیی تیشکی خستە سەر پێداگری حکومەت لە رێزگرتنی لە مافی مرۆڤ و ئاماژەوەی بەوەشکرد: لە کارە هەر پێشینەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمە.

هەر لە کۆبونەوەکەدا، زێباری هەنگاوەکانانی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و ئامانجی کابینەی نۆیەم لە پلانەكە ڕوونکرایەوە؛ لەو میانەشدا کۆمەڵێک ڕاپۆرت لە گرنگیپێدانی حکومەت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، خرایە ڕوو.

لە دوای دیدارەكە زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پلانی مافی مرۆڤ، پلانێكی گشتگیرە و بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەكانە؛ بۆ جێبەجێكردنیشی پشتمان بە لایەنە نێودەوڵەتییەكان بۆ بەجێهێنانی پلانی مافی مرۆڤ بەستووە؛ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی سەرەكیی جێبەجێبوونی ئەو پلانەیە و بەردەوام بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە هاندەر بوو، بۆ ئەمەش چاودێریكردنی دەزگاكان و هەماهەنگیكردن لەگەڵ دامودەزگا حكومی و دادوەرییەكان بەردەوام بووە. لەو میانەدا لە كابینەی نۆیەمدا هەماهەنگییەكی باش بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بنەما نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ هەیە".

پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ پلانێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی درێژخایەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ برەودان بە مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخستنەوە و چەسپاندنی بنەما مرۆییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.