Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 15:25

پسپۆڕێكی بواری جیۆلۆجی : هەرێمی كوردستان لەسەر هێڵی مەترسی بوومەلەرزە نییە

هۆكاری روودانی بوومەلەرزەكەی توركیا ئاشكرا دەكرێت
کوردستان TV
100%

پسپۆڕێكی بواری جیۆلۆجی ئاماژە بەوە دەكات كە هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو هێڵە مەترسییەی بوومەلەرزە نییە كە لە توركیا روودەدات .
دكتۆر رێبەر تەحسین، پسپۆڕی بواری جیۆلۆجی و مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەددین، لەبارەی هۆكار و كاریگەرییەكانی ئەو بوومەلەرزەیەی كە رۆژی یەكشەممە لە وڵاتی توركیا روویدا و كە هەرێمی كوردستانیش هەستی پێكرا، گوتی: 'هۆكاری بوومەلەرزەكە بریتییە لە شكانی ئانادۆڵی كە لە وڵاتی توركیایە، ئەم شكانە دەبێت بە دوو بەش كە بەشێوەی سێگۆشە دەوری توركیای داوە، بەشێكی لەسەرەوە كە پێی دەگوترێت بەشی شكانی باكووری ئانادۆڵ، هەروەها بەشی شكانی رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ، ئەو بوومەلەرزەیەی ئەمجارە لە ئەنجامی شكانی بەشی رۆژهەڵات بووە، ئەمە لە توركیاوە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە دەریای مردوو.
دكتۆر رێبەر تەحسین گوتیشی: هۆكاری سەرەكی ناجێگری پلێتەكانە لە ئانادۆڵ، ئەمە لە پێشووتریش لە ساڵی 1999 روویداوە، لە داهاتووشدا روودەداتەوە، لەبارەی مەترسییەكانیشەوە بێگومان زیاتر لەسەر ئەو كەسانەن كە لە تاوەرەكان نیشتەجێن، هەروەها كاتی روودانی بوومەلەرزەكەش كاریگەری خۆی هەیە چونكە ئەگەر لە شەودا رووبدات كاریگەری زیاترە لەوەی كە لە كاتەكانی رۆژ رووبدات چونكە خەڵك خەوتووە و درەنگتر ئاگاداری هاتنی شەپۆلەكە دەبێت.
لەبارەی ترس و دڵەڕاوكێ لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەبارەی گەڕانەوەی شەپۆلێكی دیكەی بوومەلەرزە، دكتۆر رێبەر تەحسین گوتی: 'تا ئێستاش كەس ناتوانێت كاتی روودانی بوومەلەرزە پێشبینی بكات، بەڵام باشترین كار كە بیكەی ئەوەیە لە كاتی هەستكردن بە بوومەلەرزە لە باڵەخانەكان بێیتە دەرەوە و لە شوێنێكی تەخت بمینێیەوە.
دكتۆر رێبەر تەحسین گوتیشی: 'هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو هێڵە مەترسییە نییە، ئەو شەپۆلانەی كە بۆ ئێمە دێن ئەوانە پێیان دەگوترێت پاشەلەرزە، كەواتا ئەوەی لەم دوو رۆژە لە هەرێمی كوردستان هەستی پێكرا ئەمانە پاشەلەرزەن، دوای بوومەلەرزە سەرەكییەكان روودەدات كە بێگومان 10 جار زیاتر پاشەلەرزە روویداوە لە دوای بوومەلەرزەكە، واتا ئێمە لەسەر هێڵەكە نین بەڵام كاریگەرییەكانی بۆ ئێمەش دێت.
بەرەبەیانی شەشی شوبات، بوومەلەرزەیەك بە پلەی 7.8 پلەی رێختەر توركیای هەژاند و بەپێی دواین زانیاریی بەڕێوەبەری گشتیی بوومەلەرزە و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی سەربە فەرمانگەی ئیدارەدانی كارەسات و باری لەناكاو (AFAD)، ئۆرھان تاتار، بەھۆی بوومەلەرزەكانی دوێنێ تاكو ئێستا سێ ھەزار و 381 گیانیان لەدەستداوە و 20 ھەزار و 426 كەسیش برینداربوون.
ئەم بوومەلەرزەیە لە هەرێمی كوردستانیش هەستی پێكرا و وەزارەتی گواستنەوەی گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە بوومەلەرزەكە بە 4.7 پلەی رێختەر لە هەرێمی كوردستان روویداوە.


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.