ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی پارەی گەنمی ساڵانی 2015 و 2016ـی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی دا.
ئەمڕۆ سێشەممە 07ـی 02ـی 2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە.
ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (270ـی ساڵی 2022) بۆ پێدانی سوودی دارایی بە جوتیاران، بڕیاری خەرجکردنی پارەی گەنمی ساڵانی 2015 و 2016ـی جوتیارانی هەرێمی کوردستان درا کە وەزارەتی بازرگانی بەپێی یاسای پاڵپشتی فریاگوزاری بۆ ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان ڕەزامەندی لەسەر داوە.
ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر کاردانەوەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕدا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر وڵات کرا.
ئەنجوومەنی وەزیران هەر لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە دا کە بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەسەر هاووڵاتییان و کەرتە ئابورییە جیاوازەکان، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری بانکی ناوەندی عێراقی پەسەند کرد بۆ دەستکاریکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار، بەمشێوەیەی خوارەوە:-
- وەزارەتی دارایی هەر دۆلارێک بە 1300 دینار دەداتە بانکی ناوەندی عێراق.
- بانکی ناوەندی عێراقیش هەر دۆلارێک بە 1310 دینار دەداتە بانکەکان.
- بانکەکانیش هەر دۆلارێک بە 1320 دینار بەوانی دیکە دەفرۆشن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.