بەمەبەستى پەرەپێدانى زیاتر بە پڕۆژە پیشەسازییەکان و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایەگوزارى لە هەولێری پایتەخت زەوی بۆ 25 پڕۆژەی پیشەسازی قورس و مامناوەند دابین کرا.
ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە 07ـی 02ـی 2023، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستى پەرەپێدانى زیاتر بە پڕۆژە پیشەسازییەکان و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایەگوزارى لە هەولێری پایتەخت، بەئامادەبوونى سەرجەم ئەندامان، کۆبوونەوەى لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان بهرێوهچوو.
سەبارەت بە کۆبوونەوەکە ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، بە بڕیاری مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، جەختى لە کەمکردنەوەى ڕۆتین و ڕاییکردنى کاروبارى هاووڵاتییان کردەوە و ڕایگەیاند: ئەوەى لەسەر ئەو لێژنەیە پێویستە بە یەکسانى ئاسانکاریی لە ڕاییکردنى داوا و داخوازى ئەو کەسانە بکات کە دەیانەوێت پڕۆژە پیشەسازییەکانیان لە خزمەتى هاووڵاتییان و بوژاندنەوە و پێشخستنى کەرتى پیشەسازى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بخەنەگەڕ، بۆیە دەبێت لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییەدابن و هەرچی لەتوانادا هەیە ئەنجامی بدەن بۆ کەمکردنەوەى ڕۆتین و ڕاییکردنى مامەڵەکانیان.
ڕاشیگەیاند: پاشان دواى پێداچوونەوە و خستنەڕوو بە بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆبوونەوەى پێشوو، گفتوگۆ لە بارەی پەرەپێدان و بووژاندنەوەى کەرتى پیشەسازی و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستی پڕۆژە پیشەسازییەکان و دابینکردنی هەلیکار لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کرا.
ئاماژەی بەوەش دا کە لە کۆبوونەوەکەدا جگە لەوەى (33) پڕۆژەى پیشەسازیى گفتوگۆى چارەسەریان لەبارەوە کرا، (40) پڕۆژەى دیکەى پیشەسازی قورس و مامناوەندی وەبەرهێنان کە داوای زەویان کردبوو بۆ پڕۆژەکانیان خرایەڕوو و لە کۆی ئەو (40) داواکارییە (15) پڕۆژهیان دواخرا بۆ دیراسە و بەدواداچوونى زیاتر و ڕەزامەندی و بڕیاری دابینکردنی زەویش بۆ (25) پڕۆژەکەى دیکە درا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.