ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێكەوتی 9ی شوباتی 2023 جوتیار عادل، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی، لەبارەی كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە، 8ی شوباتی2023ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەست و بۆ میدیاكانی هەرێمی كوردستان قسەی كرد.
لە سەرەتای كۆنگرەكەدا، گوتەبێژی حكومەت، سوپاسی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ هەڵوێستی هاوخەمی و هاوكارییان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەكانی توركیا و سووریا و باسی لەوەش كرد كە بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەت، هاوكارییە پزیشكی و پێداویستیی جۆراوجۆر بۆ خەڵك نێردراوە و كەمپینی حكومەتیش بۆ هاوكارییان ڕاگەیەندراوە.
جوتیار عادل لەبارەی هاوكارییەكانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەكانەوە گوتی: تیمی نێردراو بۆ توركیا و سووریا لە 84 كارمەند پێكدێن، 25 ئامبولانس و 10 تیم لە پارێزگای هەولێر و 15 تیم لە پارێزگای دهۆكەوە رەوانە كراون. 30پزیشك نێردراون: 6 پزیشكی فریاكەوتن، 4 پزیشكی ئێسك و شكان، 2 پزیشكی نەشتەرگەری، پزیشكێکی ڕاهێنراوی مێشك و بڕبڕەی پشت، 17 پزیشكی فریاكەوتن لە ئێسك و شكان و نەشتەرگەریی گشتی. جگە لە ناردنی 26 كارمەندی ڕاهێنراوی پێشكەوتوو و وەڵامدەرەوەی خێرا، 3 بارهەڵگری دەرمان بە قەبارەی 14 تەن.
ئەوەشی گوت: حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پاڵپشتیی لۆجیستی و دارایی و سیاسیی تیمەكان لەو هاوكارییەدا بەردەوام دەبن و سوپاسی هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی وەكوو تەندرووستی و ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەكەین، كە هاوكار بوون بۆ گەیاندنی ئەو تیمانە بۆ شوێنی ڕووداوەكان لە توركیا و سوریا.
لەبارەی هاوكارییەكان بۆ خەڵكی سووریا، جوتیار عادل، گوتی: دۆخی سیاسی و ئاسایشی سووریا جێگیر نییە و گەمارۆشی لەسەرە، ناردنی یارمەتی پشكنینی زۆری پێویستە و پڕۆسەكە هێواشە، بەڵام لەسەر گەیاندنی هاوكارییەكانمان بۆ خەڵكی سووریاش بەردەوام دەبین.
لەبارەی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان لەسەر كوالیتی و خۆگریی بینا و باڵەخانەكانی كوردستان لە كاتی بوومەلەرزەدا، گوتەبێژی حكومەت گوتی: شوقە و باڵەخانەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەی زانستی و بە ستانداردی نێودەوڵەتی دروست كراون، بەڵام هەر پێویستە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان ڕێنماییەكان جێبەجێ بكەن و لە كاتی ڕووداوەكاندا وریا بن.
بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكە، پەیڕەوی یاسای متمانەبەخشین بە دامەزراوە پەروەردەییەكان بوو، كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند كرا. ئەوەش بە ئامانجی بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردە و فێركردن و گونجاندنی خواستی بازاڕ و تواناكان و ڕەخساندنی هەلی كاری زیاتر. لەم ڕووەوە دامەزراوەكان لەسەر بنەمای نێودەوڵەتی و بە پێوەرە زانستییەكان هەڵدەسەنگێندرێن.
گوتیشی: یەكێكی دیكە لە تەوەرەكانی گفتوگۆی كۆبوونەوەكە، پێشكەشكردنی زیاتری خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان و پێشخستنیان بوو. یەكێك لە ڕاسپاردەكانی سەرۆكی حكوومەت چارەسەركردنی كێشەكانی ئاو و كارەبای شاری دەربەندیخان بوو، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندیدارەكان ڕاسپێردران، بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی بكەن.
لەبارەی گفتوگۆكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقیشەوە، گوتی: كۆبوونەوەكانی هەردوولا بەردەوام دەبن و هەماهەنگی باش كراوە؛ خاڵی هاوبەش و ناكۆك هەن، گفتوگۆكان بەشێكی لەسەر بودجەیە و بەشێكی لەسەر ئەو یاسایانەن دەنگیان لەسەر دراوە، وەكوو یاسای نەوت و غاز و ماددەی 140، بەڵام هەست بەوە دەكرێت لە هەردوو لایەنەوە خواست بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.