Erbil 38°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 13:34

تیمەكانی هەرێمی كوردستان لە هاوكاریكردن و رزگاركردنی لێقەوماوانی بوومەلەرزه‌ بەردەوامن

کوردستان TV
100%

دوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی کە وڵاتانی تورکیا و سووریای گرتەوە و بووە هۆی ڕووخانی سەدان باڵەخانە و هەزاران قوربانیشی لێکەوتەوە، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزانی هەرێمی کوردستان سێ تیمی فریاگوزاری رەوانەی تورکیا کران.
 
تیمەکان پێکهاتبوون لە وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی و دەزگای خێرخوازی بارزانی کە هاوکاری مرۆیی و فریاگوزاری پێشکەشی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەکەن.
 
له‌باره‌ی ناردنی تیمه‌كان بۆ هه‌ردوو وڵاتی توركیا و سووریا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند "سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی كرد كە هاوكارییە پزیشكی و مرۆیی و سەرەتاییەكان بگات بە لێقەوماوان و قوربانییانی ئەو بوومەلەرزەیە، هەر لەدوای راسپاردەكە لە چەند كاتژمێرێكی كەمدا تیمەكان توانیان بە ژمارەیەكی زۆر لە پزیشكانی پسپۆڕ و گشتی و كارمەندانی تەندروستی و ئەمبۆڵانسەكان، هاوكات بڕێكی زۆر لە دەرمان و پێداویستی پزیشكی و ئەو بابەتانەی بۆ حاڵەتی لەناكاو بەكاردێت و سوودی دەبێت، بگەیەندرێتە وڵاتی توركیا".
 
تیمه‌كانی وەزارەتی ناوخۆ کە پێکهاتوون لە کەسانی بە ئەزموون و شارەزا لە رزگارکردنی گیرخواردووانی بوومەلەرزەکە بەرشدارن و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن.
 
لەمبارەیەوە د. هێمن میرانی بەرێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە كرد "لەدوای راسپاردەی سەرۆكی حكوومەت، لەسەر ئاستی چوار بەڕێوەبەرایەتی لە وەزراەتی ناوخۆ تیمەكانمان رەوانە كراون، ئەوانیش ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان كە تیمی بەهاناوە چوونن؛ پەیمانگەی بەرگریی شارستانی، بەڕێوەبەرایەتیی شارستانیی هەولێر و دهۆك كە خەڵكی راهێنراو و شارەزایان لە بواری گەڕان و دۆزینەوە و رزگاركردن و فریاگوزاری هەیە، ئەو تیمانە هاوشان لەگەڵ تیمی وەزارەتی تەندروستی و دەزگای خێرخوازی بارزانی و دامەزراوەكانی دیكەی خێرخوازی گەیشتە توركیا".

سه‌باره‌ت به‌ پەیامی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ناردن و بەهاناوەچوونی قوربانییانی ئەم بوومەلەرزەیە، میرانی گوتی "ئەمە پەیامێكی مرۆییە و ئەو رووداوەی لەوێ روویداوە پێویست وابوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ده‌نگ لێقەوماوانەوە بچێت".
 
دەزگای خێرخوازی بارزانی لە پرۆسەی پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی و فریاگوزاری بەشدارن و خۆراک و خێمە بەسەر زیانلێکەوتووان دابەش دەکەن، رۆڵیکی گەورەشیان لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە هەیە.  
 
له‌مباره‌یه‌وه‌ مووسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتی "لە دوای راسپاردەی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، تیم و كارمەندمان رۆشتوونەتە ناوچە زیانلێكەوتووكان و لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەكی زۆری خۆبەخش كە ئێستا لیستێكی تۆماركردنمان بۆ داناوە و لە هەریەكێك لەو شوێنانە تیمێكی تایبەت لەو كەسە خۆبەخشنانە وەردەگیرێت، كە هاوكار دەبن لەگەڵ تیمەكەی خێرخوازی بارزانی".

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا "بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ تیمەكانمان تا زووبەزوو ئاڵوگۆڕیان تێدا بكرێت بەپێی ئەو پسپۆڕییەی لەو شوێنانە پێویستە و دەكرێت لە خزمەتكردنی ئەو خەڵكەدا ئێمە ئاڵوگۆڕیان تێدا بكەین بۆ خزمەتكردنی باشتر و خێراتر".
 
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جه‌ختی كردۆته‌وه‌ كه‌ بە ئەرکی خۆی دەزانێت هاوکاری مرۆیی و فریاگوزاری پێشکەشی زیانلێکەوتووانی ڕووداو و کارەساتە سروشتییەکانی وڵاتانی دراوسێ بکات، لە رۆژانی داهاتووشدا هەنگاوەکانی هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان زیاتر دەبێت و ناوچەکانی سووریاش دەگرێتەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.