Erbil 38°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 16:11

نێچیرڤان بارزانی یادی 53 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد پیرۆز ده‌كات

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد كرد به‌بۆنه‌ی یادی 53 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتییه‌كه‌یان.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌ پیرۆزباییه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند "يادى په‌نجا و سێ ساڵه‌ى دامه‌زراندنى يه‌كێتيى نووسه‌رانى كورد، به‌ گه‌رمى له‌ مەڵبەندی گشتی و ته‌واوى نووسەران و ئەدیبانی کوردستان پيرۆز ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم".

ڕاشیگه‌یاند "له‌م ياده‌دا به‌ ڕێز و شكۆوه‌ له‌ خه‌بات و كۆششى زياتر له‌ نيو سه‌ده‌ى يه‌كێتيى نووسه‌رانى كورد ده‌ڕوانين، خزمه‌تى ديار و به‌رچاويان به‌ وێژه‌ و زمان و كولتوورى كوردى و هه‌ڵوێستى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانييان له‌ سه‌رده‌مى پێشمه‌رگايه‌تى و تێكۆشانى گه‌لى كوردستاندا بۆ ئازادى، به‌رز ده‌نرخێنين".

نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند "له‌ كاتێكدا ئه‌م ياده‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌، جه‌خت له گرنگيى ئاماده‌يى و ڕۆڵى كاريگه‌رى نووسه‌ران ده‌كه‌ينه‌وه‌ له‌ بره‌ودان به‌ گيانى نيشتمانپه‌روه‌رى و چه‌مك و به‌ها مرۆييه‌كان، بنياتنانى كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى پێشكه‌وتوو، پێشخستنى زمان و وێژه‌، پاراستنى ناسنامه‌ و كولتوورى كوردى و قووڵكردنه‌وه‌ى يه‌كتر قبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى".

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى نووسه‌رانى شه‌هيد كه‌ له‌پێناوى ئازاديى گه‌ل و وڵاته‌كه‌ياندا گيانيان به‌خشى، بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نيان به‌ نووسين و داهێنان و خزمه‌تى زمان و وێژه‌ى كوردى به‌خشى، ياديان هه‌ميشه‌ به‌ خێر و سڵاو له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزيان".

له‌ كۆتاییدا جه‌ختیی كرده‌وه‌ كه‌ چاومان له‌ به‌رهه‌م و به‌رده‌وامى و داهێنانى زياترى نووسه‌رانى كورد و كوردستانه و وه‌ك هه‌ميشه‌ هه‌موو پشگيرييه‌كى ئێمه‌يان ده‌بێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.