Erbil 38°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 18:50

وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری پیرۆزبایی له‌ نووسه‌ران و ئه‌دیبانی كوردستان ده‌كات

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایی له‌ یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد كرد به‌ بۆنه‌ی یادی 53 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتییه‌كه‌یان، له‌ په‌یامه‌كه‌دا هه‌روه‌ها پشتیوانی خۆی بۆ ڕۆشنبیران و نووسه‌رانی كورد دووپات كرده‌وه‌.

وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان له‌ په‌یامه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ 53 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد تێده‌په‌ڕێت، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ نووسه‌ران و ئه‌دیبانی كوردستان ده‌كه‌ین و هیوادارین ئه‌م ساڵیاده‌ ببێته‌ مایه‌ی شه‌ته‌كدانی زیاتری توانای ڕۆشنبیران و نووسه‌رانی كورد بۆ خزمه‌تی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و قووڵكردنه‌وه‌ی گیانی لێبوردن و به‌خشنده‌یی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا.

ڕاشیگه‌یاند: تێپه‌ڕینی زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ به‌سه‌ر ته‌مه‌نی دامه‌زراوه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، جێی شانازییه‌ و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌ بواری ئه‌ده‌ب و نووسین و ڕۆشنبیری گشتییدا به‌ده‌ستهاتوون، به‌ری ره‌نج و تێكۆشانی ئه‌و كه‌ڵه‌ ئه‌دیب و نووسه‌رانه‌یه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان ته‌رخان كرد بۆ خزمه‌تی وشه‌ و فه‌رهه‌نگی كوردی و له‌ رێگه‌یه‌وه‌ گه‌نجینه‌ی زمان و فه‌رهه‌نگی ڕۆشنبیری كوردییان ده‌وڵه‌مه‌ندتر و گه‌شاوه‌تر كرد.

وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: نووسه‌رانی كورد چ له‌ شاخ و چ له‌ شار، قه‌ڵه‌مه‌كانیان هه‌رده‌م له‌ خزمه‌تی سه‌رخستنی دۆزی ڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستان و گه‌شه‌كردنی زمان و قووڵكردنه‌وه‌ی گیانی به‌رگری و پاراستنی ناسنامه‌ و مۆركی ره‌سه‌نایه‌تی زمان و فه‌رهه‌نگی كوردیی بووه‌.

له‌ كۆتاییدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "دووباره‌ یادی 53 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد پیرۆز بێت، دووپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه كه‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ چاوی ڕێز و پێزانینه‌وه‌ له‌ شه‌ونخوونی ڕۆشنبیران و نووسه‌رانی كورد ده‌ڕوانێت و وه‌زاره‌ت ئه‌ركییه‌تی پشتیوانی هه‌موو قه‌ڵه‌مێكی ئازاد و سه‌نگین بكات بۆ خزمه‌تی كایه‌ی ڕۆشنبیری كوردیی و پێشخستنی فه‌رهه‌نگی نیشتمانییانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.