Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 09:17

"خه‌ڵكی عه‌فرین زیاتر تامه‌زرۆی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی بوون"

Suhail tahir
100%

له‌ میانه‌ی به‌شداریكردن له‌ به‌رنامه‌ی مژار سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی عه‌فرین و گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان، زه‌كه‌ریا حوسه‌ری لێكۆڵه‌‌ر ڕایگەیاند: ئه‌و كاره‌ساته‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ بوو دوای 12 ساڵ له‌ بارودۆخی ناسه‌قامگیری ئه‌و ناوچه‌یه‌، سوپاس بۆ سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، كه‌ هه‌ڵمه‌تێكی بێوێنه‌ی نواند له‌ هاریكاری له‌ رێگه‌ی ده‌زگای خێرخوازی بارزانییه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستێكی گه‌وره‌ و جوامێرانه‌یه‌، كه‌ سنوور ده‌رباز بكات و هاوكاری بگه‌یه‌نێته‌ شاری عه‌فرین.

ڕاشیگەیاند: به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان، له‌ سه‌رده‌مانی رژێم و ئه‌و ساڵانه‌ی دواییش له‌لایه‌ن چه‌ندین گرووپه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ كرابوو، ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ زیاتر هه‌ستێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌، هه‌ستێكه‌ كه‌ نیشانی دا كوردستان یه‌ك پارچه‌یه‌، ئه‌و كاره‌و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش سه‌ره‌رای ئاسته‌نگه‌كان كارێكی ئاسان نییه‌ كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بینیمان، خه‌ڵكی عه‌فرین و كوردستانیان له‌ سووریا هه‌میشه‌ خاوه‌ن بیروهه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیین.

ئەوەشی خستەڕوو کە كاره‌ساتی بوومه‌له‌رزه‌، له‌ سه‌ره‌تا نه‌زانرا كه‌ چ روویدا و رێژه‌ی قوربانیان چه‌نده‌، هه‌مووی خه‌می رۆڵه‌ و دایك و باوكی خۆی بوو، به‌ڵام بوومه‌له‌رزه‌ی ئه‌وجاره‌ زۆر به‌هێز بوو و كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بووه‌، به‌ڵام تا ئێستا ئاماره‌كان به‌هۆی نه‌بوونی ئیداره‌یه‌كی باش نه‌زانراوه‌ كه‌ ژماره‌ی قوربانیان چه‌نده‌.

زه‌كه‌ریا حوسه‌ری باسی له‌ قسه‌ی پیره‌مێردێكی شاره‌كه‌ كرد كه‌ ئه‌و گروپانه‌ی له‌ عه‌فرین بوونیان هه‌یه‌ ، له‌ جیاتی هاوكاری خه‌ڵكی لێقه‌وماو بكه‌ن به‌دوای كه‌ل و په‌ل و كاری دزی بوون ، كه‌ ئه‌وه‌ جێگه‌ی داخێكی زۆره‌ .

ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌ندامی ده‌سته‌ی گشتی ئه‌نه‌كه‌سه‌ لای خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاند:  ره‌وشی عه‌فرین زۆر خراپه‌ ، ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ش كه‌ روویدا باری خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ی زیاتر قورس كرد ، به‌و سه‌رمایه‌ش خه‌ڵكی عه‌فرین ناتوانن له‌ناو ماڵی خۆیان بحه‌وێنه‌وه‌ ، واتا ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌راستی دووباره‌ ئاواره‌ بوونه‌وه‌ .

ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن روونیكرده‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی عه‌فرین زیاتر تامه‌زرۆی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و كوردایه‌تییه‌ نه‌ك خواردن و خۆراك، ئه‌و پێشوازییه‌ له‌ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی وه‌ك جه‌ژنێك بوو بۆ خه‌ڵكی عه‌فرین، یارمه‌تییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی هه‌ڵگری په‌یامی گه‌وره‌ی یه‌كبوونی گه‌لی كوردستان بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.