نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار هێشتا دووڕیانێكە لەبەرامبەر دامودەزگانی دەوڵەتی عێراق، بەو پێیەی لە بازاڕدا مامەڵەی پێوەدەكرێت بە نرخێكی بەرزتر لەو نرخانەی كە بانكی ناوەندی عێراق دیاریی كردووە.
ڕۆژی شەممە بانكی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی بانكی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە واشنتۆن ئەنجامداوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ مەیلی دەستپێكردنی پاكێجی دووەمی ئاسانكاری بۆ بەرزكردنەوەی سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕ.
بانكەكە لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەدەگی فیدراڵی ئەمریكا و گەنجینەی ئەمریكا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەیەكەوە كاربكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەكانی كاركردن لەسەر پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی بۆ حەواڵە و پارەی كاش.
بانكی ناوەندی عێراق لەم دواییانەدا بڕیاریدا نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ هەزار و 300 دینار بەرانبەر بە دیناربێت ، بەڵام هێشتا نرخەكەی كە دەگاتە دەست هاووڵاتیان بە بەرزی ماوەتەوە.
لەو بارەیەوە عەبدولڕەحمان نەجم ئەلمەشهەدانی، پڕۆفیسۆری پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی عێراق، ، گەشبینی خۆی سەبارەت بە گفتوگۆكانی نێوان بانكی ناوەندی عێراق و یەدەگی فیدراڵی و گەنجینەی ئەمریكا دەربڕی و گوتی: سنوورداركردنی ئەم قەیرانە كاتێكی دەوێت تا ئەو بۆشاییە پڕدەكرێتەوە، لە نێوان نرخی ئاڵوگۆڕی دراو كە لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە دانراوە و نرخەكەی لە بازاڕی ناوخۆییدا.
هاوكات سەلام سومەیسەم، ئابووریناسی عێراق، پێی وایە چارەسەری قەیرانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق لە ئاسۆدا نییە، سەرەڕای هەوڵە فەرمییەكان، جەختیشی لەوە كردەوە كە پێوەرەكان ئاماژەن بۆ كەمی نەختینەیی لەنێو دەسەڵاتە فەرمییەكاندا .
هەروەها دەڵێت: چارەسەركردنی قەیرانەكە و گەیشتن بە قۆناغێكی سەقامگیری لە نرخی ئاڵوگۆڕدا كاتی دەوێت، لەگەڵ پشتبەستنی تەواو بە پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی، كە قاچاخچێتی دۆلار سنووردار دەكات.
هەر سەبارەت بەم بابەتە حسێن عەللاوی ،ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتی: عێراق ڕێبازێكی دانوستانكاری گرتەبەر كە بەرەو كەشێكی ئەرێنی و لێكتێگەیشتنێكی بنیاتنەر لە نێوان نوێنەرانی بانكی ناوەندی عێراق و ئەمریكادا بەرەو بردو جەختیان لەسەر ئاسۆی هاوكاری نێوان هەردوولا كردەوە، بە شێوەیەك كە بەشداربێت لە سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق.
لای خۆیەوە عەلی موحسین ئیسماعیل، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، گوتی: خستنە رووی پاكێجی دووەمی ئاسانكاری دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕ.
هەروەها مەحمود داغر، شارەزای ئابووری عێراق، هیوادارە پاكێجی دووەم، كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دەخرێتە روو، كاریگەری لەسەر دابینكردنی پارەی دۆلار بۆ هاوردەكردن هەبێت.
گوتیشی: تا ئەو كاتەی كێشەكە پەیوەندی بە دابینكردنی پارەوە هەبێت، پێویستە بانكی ناوەندی ئامانجی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی هەبێت.
شایانی باسە ئەمڕۆ یەك شەممە 12-2-2023 بانكی ناوەندی عێراق (305) ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە كە بریتییە بووە لە: فرۆشتن بە حەواڵە: 257.506.095، فرۆشتن بە نـــــەقد : 47.900.000، كۆی فرۆشی دۆلار: 305.406.095. بەمەش نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی دراو رووی لە دابەزین كردوو و لەشاری هەولێر بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی كردنەوەی بۆڕسەدا نرخی 100 دۆلار گەیشتە 147،500 دینار، لەشاری بەغدا-ش نرخەكەی گەیشتە 146 هەزار دینار و لەشاری بەسرە-ش گەیشتە 145 هەزار دینار.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.