Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 17:36

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق

کوردستان TV
100%

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە و دید و تێڕوانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان سەبارەت بە ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز خستەڕوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی 02ـی 2023، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ کۆبووەوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو، ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندەکە، دید و تێڕوانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە ڕەشنووسی یاسای نەوت و غازی حکوومەتی فیدراڵ خستەڕوو.

ڕاشیگەیاند: ئاوات جەناب نووری ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجییەتی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بگاتە ڕێککەوتن بۆ داڕشتنی یاسایەک کە لە چوارچێوەی دەستوور و لە خزمەت هەموو پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە "هەر لە کۆبوونەوەکەدا کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وردەکاری تێڕوانینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەبارەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکەوە خستەڕوو."

باسی لەوەش کرد کە "د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، هەبوونی یاسای نەوت و گازی لە عێراق بە گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بە تێڕوانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کۆی پرۆژە یاساکە کرد."

هاوکات سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جەختی کردەوە کە کۆبوونەوەکان لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوون.

بە مەبەستی بەردەوامیدان بە دانووستانەکان و گفتوگۆ کردن لەسەر بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، ئێوارەی دوێنێ شەممە 11ـی 02ـی 2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتی کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د.جوتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خالد هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ستافی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابووری سەردانی بەغدایان کرد.

لەو سەردانەدا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامی دەدات بە گفتوگۆکانی سەردانی رابردووی کە لەسەر بابەتی رەشنووسی یاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز و ماددەی 140 و قەرەبووکردنەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی پەیڕەو کردنی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشووی عێراقەوە زیانیان پێگەشتبوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.