Erbil 38°C سێشەممە 21 کانوونی دووەم 07:09

به‌هۆی ڕووخانی باڵه‌خانه‌كان.. توركیا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ 113 به‌ڵێنده‌ر ده‌كات

کوردستان TV
100%

حكوومه‌تی توركیا بڕیاریداوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنده‌ر و ئه‌ندازیار و خاوه‌نكارانه‌ بكات كه‌ گومان ده‌كرێت كه‌مته‌خه‌مبووبن له‌ بنیادنانی ئه‌و باڵه‌خانه‌ و خانووانه‌ی كه‌ به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو خاپوور بوون و بوونه‌ هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی هه‌زاران كه‌س.

فوئاد ئۆكتای جێگری سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: حكوومه‌تی توركیا 113 به‌ڵێنده‌ری دیاری كردووه‌ و ڕاپێچی لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌كات به‌هۆی ئه‌وه‌ی گومان ده‌كرێت هۆكاری خاپووربوون و ڕووخانی باڵه‌خانه‌ و خانووه‌كان بن.

ڕاشیگه‌یاند: وه‌زاره‌تی دادی توركیا نووسینگه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ تاوانه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ كاری لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌بێت له‌ هۆكاری داڕمان و ڕووخانی باڵه‌خانه‌ و خانووه‌كان‌ به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو كه‌ بوونه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی هه‌زاران هاووڵاتی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش فه‌رمانی ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ 113 به‌ڵێنده‌ر ده‌ركردووه‌.

لای خۆشییه‌وه‌ به‌كر بۆزداخ وه‌زیری دادی توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتكردن بۆ زیاتر له‌ 150 به‌ڵێنده‌ر و ئه‌ندازیار و خاوه‌نكار ده‌رچووه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری یه‌كه‌می دروستكردنی هه‌موو ئه‌و باڵه‌خانانه‌ بوون كه‌ له‌ ئه‌نجامی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو خاپوور بوون.

سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی باڵه‌خانه‌كانیش، جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ بوومه‌له‌رزه‌كانی چه‌ند رۆژی ڕابردوو زیانیان به‌ 24 هه‌زار و 921 باڵه‌خانه‌ گه‌یاندووه‌ له‌ كۆی گشتی زیاتر له‌ 170 هه‌زار باڵه‌خانه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆش پۆلیسی توركیا له‌نێو فڕۆكه‌خانه‌ی ئیسته‌بۆڵ، به‌ڵێنده‌رێكی به‌ناوی عه‌لی مته‌وه‌ڕ ده‌ستگیر كرد كه‌ به‌نیازبوو به‌ره‌و مۆنتینیگرۆ گه‌شت بكات، ئه‌و به‌ڵێنده‌ره‌ پێشتر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نیشته‌جێبوونی له‌ شاری ئه‌نتاكیا دروستكردبوو كه‌ به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو سه‌رجه‌م باڵه‌خانه‌كان‌ خاپوور بوون.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.