Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 17:32

گوتەبێژی پارتی وادەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ یەکێتی ئاشکرا دەکات

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە وادەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، هەرکاتێک ئەوان ئامادەبوون، ئێمەش ئامادەین.

مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی 02ـی 2023 لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ڕایگەیاند: ئێمە وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێشخەریمان کرد بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ، باوەڕمان بە گفتوگۆ هەیە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، کێشەکانیش جگە لە گفتوگۆ، نە بە گوتاری میدیایی و هیچ شتێکی دیکە چارەسەر ناکرێن.

ڕاشیگەیاند: ئەگەر ئەوان تێبینیان هەبێت، ئێمەش تێبینیمان هەیە، لەوانەیە هەردوولامان گلەییمان لە یەکتر هەبێت، ئەمەش بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت.

مەحموود محەمەد باسی لەوەش کرد کە "ئێمە ڕێککەوتنێکی سیاسییمان لەگەڵ یەکێتی هەیە و پێمان باشە ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، چونکە بەیەکەوە نووسیومانە و لەسەری ڕێککەوتووین و واژوومان کردووە، پێویستە لەم وڵاتەی ئێمەدا ئاشتی هەبێت و پێکەوە کارکردن هەبێت، لەلایەکی دیکەوەش هەوڵەکان بۆ ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە چڕ بکرێتەوە چ ئەو ئاستەنگانەی لە بەغدا یان لە دەوروبەرەوە دێن."

هەروەها گوتی: ئێمە دەرگامان بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ کراوەیە، وەک ئەوەی لە کۆنگرەی 14 ڕامانگەیاند لاپەڕەیەکی تازەمان لە پەیوەندییەکانمان کردۆتەوە."

گوتەبێژی پارتی سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە هەرکاتێک ئەوان ئامادەبوون، ئێمەش ئامادەین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.