Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 13:20

ھێزە ئەمنییەکانی عێراق یەکێک لە گەورەترین قاچاخچییەکانی بردنی دراویان دەستگیرکرد

کوردستان TV
100%


دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەستگیرکردنی یەکێک لە گەورەترین قاچاخچییەکانی بردنی دراو بۆ دەرەوە راگەیاند.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا لە بەغدای پایتەخت، یەکێک لە گەورەترین قاچاخچییەکانی بردنی دراو بۆ دەرەوە، بەناوی (رامی حەسەن ناسر) دەستگیرکردووە.

راشیگەیاندووە دەستگیرکردنی قاچاخچییەکە، لەچوارچێوەی ئەو ھەوڵانە دێت کە لەلایەن ھێزەکانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە، بە ئامانجی راوەدوونانی تۆڕە قاچاخچییەکانی بردنی دۆلار بۆ دەرەوە و سەفتەبازان خراونەتەگەڕ.

باسی لەوەش کردووە کە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی قاچاخچییەکە، بەپێی یاداشتنامەیەکی دادوەریی ئەنجامدراوە و بەپێی یاسا لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکەدا، بەردەوامە.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە بەردەوامە لە بەدواداچوون و راوەدوونانی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت زیان بە ئابووریی عێراق بگەیەنن.

ئەمەیش دوای ئەوە دێت لە ماوەکانی رابردوودا، دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا، ئاستی پێوانەیی تۆمار کرد، بەجۆرێک 100 دۆلار گەیشتە 177 ھەزار دینار.

شارەزایان و چاودێرانی بواری ئابووریی ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێک لە ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دیناری عێراقی، حەواڵەکردن و بردنی دۆلارە بە قاچاغ بۆ دەرەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.