شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، گفتوگۆ لەبارەی یاسای بوودجە و داڕشتنەوەی دەقەکانی بەپێی دەستوور کرا.
ئەمرۆ دووشەممە 13ـی 02ـی 2023 لە چوارچێوەی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، لەگەڵ محەمەد عەلی تەمیم وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و هاوکات سەرۆکی شاندی حکوومەتی عێراقە بۆ دانووستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوە.
د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: تەوەری کۆبوونەوە لەسەر یاسای بوودجە و داڕشتنەوەی دەقەکانی بوو بە پێی دەستوور. ڕاشیگەیاند: دوایین پێشهات و پەرەسەندنی گفتوگۆکان لەبارەی پرسی نەوت و گاز، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، گفتوگۆکان بەدەوام دەبێت.
بە مەبەستی بەردەوامیدان بە دانووستانەکان و گفتوگۆ کردن لەسەر بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، ئێوارەی دوێنێ شەممە 11ـی 02ـی 2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتی کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د.جوتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خالد هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ستافی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابووری سەردانی بەغدایان کرد.
لەو سەردانەدا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامی دەدات بە گفتوگۆکانی سەردانی رابردووی کە لەسەر بابەتی رەشنووسی یاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز و ماددەی 140 و قەرەبووکردنەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی پەیڕەو کردنی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشووی عێراقەوە زیانیان پێگەشتبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.