Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 09:21

ساڵی رابردوو 7 هەزار و 607 کەس سەردانی مۆزەخانەی هەولێریان کردووە

کوردستان TV
100%


مۆزەخانەی شارستانیی هەولێر سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر، یەكێكە لە مۆزەخانە گرنگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە نزیكەی 1000 پارچەی شوێنەواری لە تەواوی سەردەمە جیا جیاكان لەنێو هەر سێ هۆڵەكەی مۆزەخانەكەدا نمایش كراون.

سەردانی مۆزەخانە
مۆزەخانەی شارستانیی هەولێر بەشێوەیەکی بەردەوام پێشوازی لە میوانانی ناوخۆ و بیانی و قوتابیانی تەواوی قۆناغەكانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی و زانكۆ و پەیمانگەكان دەكات و لەلایەن كارمەندانی مۆزەخانەكەوە زانیاریی پێویست سەبارەت بە پارچە شوێنەوارییەكانی نێو مۆزەخانە پێشكەش بە میوانان دەكرێت.
لە ئێستاشدا ژمارەی سەردانیكەرانی مۆزەخانەكە لە بەرزبوونەوەدایە و تەنیا لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 7607كەس سەردانی مۆزەخانەكەیان كردووە و لەو ژمارەیەش 422 كەسیان لە ناوخۆی کوردستان و 326 كەسیشیان لە میوانانی بیانی و 6 هەزار و 859شیان قوتابی بوون.

مێژووی مۆزەخانەکە

مۆزەخانەی شارستانیی هەولێر لە ناوەڕاستی شەستەكان سەدەی رابردوو دامەزراوە، ئەو كات مۆزەخانەكە زۆر سادە بوو و لە گەڕەكی منارەی شاری هەولێر لە نزیك باڵەخانەی ئێستای پەرلەمانی كوردستان بوو. دواتر لە ناوەڕاستی حەفتاكان گواستراوەتەوە بۆ خانووی ساڵح چەلەپی لەنێو قەڵای هەولێر و پاشان لە ساڵی 1985 دەست بە دروستكردنی مۆزەخانەیەكی نوێ لە تەنیشت گردی قالینج ئاغا كراوە و لە ساڵی 1989 بینای مۆزەخانەكە تەواو كراوە و بە فەرمی بە ڕووی سەردانیكاراندا كراوەتەوە. تاكوو ئێستا مۆزەخانەی شارستانیی هەولێر لە هەمان شوێنە، ئەو پارچە شوێنەوارییانەیشی لەنێو مۆزەخانەكەدا هەن، تایبەتن بە هەرێمی كوردستان و عێراق.

كۆنترین پارچە شوێنەوارییەكانی مۆزەخانەك
كۆنترین پارچە شوێنەوارییەكانی ناو مۆزەخانەكە، بریتین لەو پارچانەی لە ئەشكەوتی شاندەر دۆزراونەتەوە كە خۆیان دەبیننەوە لە ئامرازی بڕین لە شێوەی چەقۆ، ئامرازی هاڕین و كۆمەڵێك پارچەی دیكە كە مێژووەكەیان بۆ سەردەمی چاخی بەردینی كۆن دەگەڕێتەوە و لە هۆڵی یەكەمی مۆزەخانە نمایش كراون، هەروەها سەردەمەكانی دیكە بەپێی زنجیرەی مێژوویی دانراون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.