نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەسەركردنەوەی زیانلێكەووتوانی بوومەلەرزە، سەردانی ئیسلاحییەو نوورداغ دەكات و لە ئێستاشدا لەگەڵ بەرپرسانی شارۆچكەی نوورداغ لە كۆبوونەوەدایە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، سەردانی شاری دیلۆك-ی لە كوردستانی توركیا كردو زیانلێكەووتوانی بوومەلەرزەی بەسەركردەوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كاتی گەیشتنی بۆ شاری دیلۆك لە وتەیەكدا رایگەیاند: هاتووین بۆ دەربڕینی هاوخەمی و بەناوی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان، سەرەخۆشی لەكەسوكاری قوربانیان دەكەین و هیواخوازین ئەم ناخۆشییە تێپەڕ ببێت.
هەروەها گوتی: بە پێی توانای خۆمان هاوكاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەكە دەكەین.
ئەمڕۆ سێشەممە 14-2-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، بەسەردانێك گەیشتە كوردستانی توركیا و ناوچە زیانلێكەوتووەكانی بوومەلەرزەكان بەسەر دەكاتەوە .
رۆژی شەشی ئەم مانگە دوو بوومەلەرزە بەگوڕەكانی 7،7 و 7،6 پلە لە پارێزگای قەھرەمانمەڕەش باشووری توركیا روویاندا و كاریگەرییان لەسەر 10 پارێزگای توركیا و پێنج پارێزگای سووریا دروست كرد.
بەپێی دوایین ئامار ژمارەی ئەو كەسانەی لە توركیا و سووریا بەھۆی بوومەلەرزەكانەوە گیانیان لەدەستداوە 37 ھەزار كەسی تێپەڕاندووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.