وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حكوومهتی ههرێمی كوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا بە شێوەیەکى ورد گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنى بۆ پلانى خوێندنى (ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمى باڵا) لە زانکۆ حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان کرد و لە ئەنجامدا بڕیاری دا لە مانگى سێى ئەمساڵ پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان دەست پێ بکات.
ئەمڕۆ سێشەم بە سەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتیى فەرمانگەکانى وەزارەت، کۆبونەوەیەکى تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنى پلانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمى باڵا بەڕێوەچوو و بڕیاردرا لە مانگى سێى ئەمساڵ پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا دەست پێ بکات.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا دووپاتی کردەوە كه پلان و کارنامەى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەیە باشتر زانکۆکان خۆیان بۆ پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان ئامادە بکەن، بۆ ئەمەش ئاماژەى بە قۆناغەکانى دەستپێکردنى خوێندنى (ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا) کرد و ڕایگەیاند: بەوپەڕى لێپرسراویەتییەوە لە ڕابردوو و داهاتوودا کار دەکەین بۆ چەسپاندنى بنەماکانى دادپەروەرى و یەکسانى و شەفافەییەت لە پرۆسەى خوێندنى باڵادا، بەشێوەیەک بتوانین دەستەبەرى ڕەخساندنى زۆرترین و باشترین دەرفەت بۆ پێشکەشکاران بڕەخسێنین.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەشێوەیەکى ورد پلانى خوێندنى باڵاى (ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا) لە زانکۆ حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنى لەبارەوەو کرا و لە ئەنجامدا بڕیاردرا لە مانگى سێى ئەمساڵ پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆ حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان دەست پێ بکات.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشی دەگەیەنێت كه دواى تەواوبوونى ئامادەکارییەکان لە داهاتووییەکى نزیکدا قۆناغ بەندى پرۆسەى خوێندنى باڵا لە ڕووەکانى پلان و ژمارەى کورسییەکان و ماوەى پێشکەشکردن و کاتەکانى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان و دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندن ڕادەگەیەنرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.