ئەمڕۆ سێشەم ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی مەیدانیی نۆژەنكردنەوەی بۆرییەكانی ئاوی ئیفراز سێی ههولێری كرد كه بڕیارە مانگێكی تر تەواو ببێت.
بە مەبەستی چارەسەری ڕیشەیی بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەنەبوونەوەی گرفتی شكانی بۆریی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە شاری هەولێر، لە كۆتایی ساڵی پار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشان دا بە خەرجكردنی گوژمەی 20,842,500,600 دینار بۆ پرۆژەكە و دواتریش ڕاستەوخۆ دەست بە نۆژەنكردنەوەكه كرا.
ساسان عەونی ئاماژهی بهوه دا كە به نۆژەنكردنەوەی بۆڕییهكه شاری ههولێر بە تەواوی لە گرفتی شكانی بۆڕییهكه ڕزگاری دهبێت كە ماوەی چەندین ساڵە تووشی دەبوو.
پرۆژەی ئیفرازی سێ 40%ی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی شاری هەولێر دابین دەكات، بەهۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر بۆرییەكە، بەردەوام دەشكا و بۆ ماوەیەك بەشێكی زۆری دانیشتیووانی شاری هەولێر بێ ئاو دەبوون، لەپێناو چارەسەری ڕیشەیی ئەو كێشەیە، بڕیاردرا بە گۆڕینی بۆڕیی هێڵی گواستنەوەی ئاوی ئیفرازی سێی هەولێر لە بۆریی (GRP)ی تیرە (1500) ملیمەوە بە بۆریی كاربۆن ستیل.
سەرەتا قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە تەواو دەبێت كە گوژمەی 4,354,750,000 دیناری لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ تەرخان كراوە. ئەم قۆناغە لە وێستگەی ناوەندی مەرعودا بە درێژایی 2750 مەتر بە بۆری 1,5 مەتری بۆریی كاربۆن ستیل دەست پێ دەكات تا دەگاتە 108ی عەنكاوە لە كۆی ئەو 11 كیلۆمەترەی كە بۆرییە كۆنەكەی تێدا دەگۆڕدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.