Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 10:07

چێشتی مجێوه‌ره‌كه‌ی" هه‌ژار موكریانی"به‌ زمانی فه‌ڕه‌نسی بڵاوكرایه‌وه‌

کوردستان TV
100%


له‌ نوێترین هه‌نگاویدا، ئه‌نیستیتوتی كورد له‌ پاریس، كتێبێكی مێژوویی نووسه‌رێكی ناوداری كوردی كرده‌ فه‌ڕه‌نسی و، وه‌رگێری كتێبه‌كه‌ش ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا "له‌پاڵ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ هاتنه‌ پێش، به‌ڵام توانراوه‌ به‌ جوانی ئه‌و كتێبه‌ بخرێته‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ری فه‌ڕه‌نسی".
به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ كوردانی تاراوگه‌ و كه‌سایه‌تییه‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كان، ئه‌نیستیتوتی كورد له‌ پاریس، ئێواره‌سیمینارێكی بۆ ناسناندنی كتێبی (چێشتی مجێور)ـی مامۆستا هه‌ژار موكریانی به‌ زمانی فه‌ڕه‌نسی، ڕێك خست.
له‌و سیمیناره‌، مه‌نسوور توكمه‌چی، وه‌رگێری كتێبی چێشتی مجێور، شیكردنه‌وه‌یه‌كی مێژوویی بۆ ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه‌و كاره‌كه‌ی بۆ ئاماده‌بووان باس كرد و هێمای به‌وه‌ش كرد كه‌ " كاتێك چاوخشاندنێكم به‌ مێژووی كۆماری كوردستان له‌ شاری مه‌هاباد له‌لایه‌ن قازی محه‌مه‌ده‌وه‌ خشاند، هیچ كه‌سێك و شوێن و لایه‌نێك ئه‌و مێژووییه‌ی تۆمار نه‌كردووه‌"، ئه‌و كاره‌ش وه‌ك باسی لێوه‌ كردووه‌ "ناره‌حه‌تی كردم".
تووكمه‌چی له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ تۆڕی میدیایی (ئاڤاتوده‌ی) گووتی "هه‌ژار ته‌واوی مێژووی سیاسیی كوردی له‌ كۆمه‌ڵه‌ی ژێكافه‌وه‌ تا كۆماره‌كه‌ی قازی محه‌مه‌د و شۆڕشه‌كه‌ی بارزانی تێدا ژیاوه‌و، تۆماری كردووه‌". جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ " گرنگییه‌كه‌ی چێشتی مجێور له‌وه‌دایه‌ بۆ ئێمه‌ی گه‌لی كورد ئه‌وه‌یه‌ ناساندنی ئه‌و كتێبه‌یه‌ بگاته‌ ته‌واوی دونیا، تا سه‌ره‌نج له‌ مێژووی كورد بده‌ن".
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ نه‌زه‌ند به‌گیخانی، سكرتێری گشتی ئه‌نیستیتوتی كورد له‌ پاریس رایگه‌یاند " خۆشحاڵ بووم، له‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی وه‌رگێڕان و ناسناندنی كتێبی چێشتی مجێورمان كرد" و به‌ بۆچوونی ئه‌و، ئه‌و كتێبه‌كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كتێبه‌كه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كان له‌ رووی مێژووییه‌وه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی رووداوه‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌كان تێدا تۆمار كراون. به‌تایبه‌ت بۆ كه‌سایه‌تییه‌ ئه‌كادیمی و توێژه‌ران.
به‌گیخانی به‌ (ئاڤاتوده‌ی) گووت "ئه‌و كتێبه‌ سێ ره‌هه‌ندی گرنگی له‌ خۆ گرتووه‌، یه‌كه‌میان؛ مێژوویی، دووهه‌میان؛ ئه‌نتروپۆلۆژی، سێیه‌میشیان؛ ئه‌ده‌بیه‌".
به‌گیخانی سه‌ره‌ڕای ئه‌ركه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌نیستیتوتی كورد له‌ پاریس، هاوكات به‌رێوه‌به‌ری به‌شی میللی و كلتووری رۆژهه‌ڵات له‌ دامه‌زراوه‌ی هارماتان كار ده‌كات، و ڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی وه‌رگیڕان و چاپكردنی كتێبی چێشتی مجێوری له‌گه‌ڵ تووكمه‌چی كردووه‌ و دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ " ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌و كتێبه‌ له‌سه‌ر شانی مه‌نسوور تووكمه‌چی بووه‌".
ئاشكراشی ده‌كات " له‌داهاتوودا كۆمه‌ڵێكی دیكه‌ی كتێبی كوردی هه‌یه‌، كار له‌سه‌ر وه‌رگێڕدرانی ده‌كرێت و، به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی هارماتان چاپ ده‌كرێن و، ده‌خرێنه‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌رانی فه‌ره‌نسی زمان".
به‌گیخانی، روونی كرده‌ه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان هانی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ده‌ن، كار له‌بواری كلتووری و مێژوویی كورد ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپشتیان بكه‌ن، تاوه‌كو به‌زمانه‌كانی دیكه‌ش به‌رهه‌مه‌كانیان بڵاوبكرێنه‌وه‌.
هاوكات تووكمه‌چی نه‌یشارده‌وه‌ "گه‌وره‌ترین كێشه‌ی له‌ وه‌رگێڕانی ئه‌و كتێبه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ هه‌ژار به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك مێژوو و به‌رواری له‌نێو چێشتی مجێور تۆمار نه‌كردووه‌"، بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ش وه‌رگێڕ وه‌ك باسی لێوه‌ كرد " له‌ رێگه‌ی گه‌ڕان و خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌ مێژووییه‌كانی دیكه‌ی هاوته‌ریب بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداوه‌ی هه‌ژار".
چێشتی مجێور ژیاننامه‌ی خۆنووسی عه‌بدولڕه‌حمان شه‌ره‌فكه‌ندی ناسراو به‌ (مامۆستا هه‌ژار)ـه‌، كه‌ تێیدا باسی سه‌رگوزشته‌كانی ژیانی خۆی ده‌كات له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی سه‌رده‌می خۆی، هه‌روه‌ها  ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ په‌رتووكه‌ ده‌گمه‌نه‌كانی ئۆتۆبیۆگرافی به‌ زمانی كوردی، كه‌ ھه‌ژار به‌ زمان و گێڕانه‌وه‌یه‌كی شیرین باسی خۆی و به‌سه‌رھاته‌كانی كردووه‌.  ئه‌وه‌ی جێی سه‌ره‌نجه‌ ئه‌و كتێبه‌ پاش كۆچی دوایی نووسه‌ره‌كه‌ی له‌ شاری كه‌ره‌جی ئێران له‌ ساڵی  1990 بڵاو بووه‌ته‌وه‌.
  ئا- كامران

چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.