Erbil 38°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 01:01

جووتیار عادل: وڵاتانی كەنداو بە گرنگییەوە لە پێگەی ھەرێمی كوردستان دەڕوانن

رێككەوتنی بەرایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی 2023ی عێراقەوە لەنێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق كراوە
کوردستان TV
100%

جووتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند، رێككەوتنی بەرایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی 2023ی عێراقەوە لەنێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق كراوە، بەڵام ھەندێك وردەكاری ماون كە پێویستییان بە گفتوگۆ ھەیە.
جووتیار عادل لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا باسی لە ژمارەیەك پرسدا كرد لەنێویاندا، سەردانی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و رێككەوتنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەبارەی بوودجەی 2023، ھەروەھا سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی بۆ ئیمارات.
گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانی شاندی حكوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا و گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی عێراق ئاماژەی بەوەدا لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد لە میانیدا لەگەڵ وەزارەتەكانی دارایی، نەوت، پلاندانان و ژمارەیەك وەزارەتی دیكەی عێراق كۆبوونەوە و گوتی:‌ رۆژی یەكشەممەی ھەفتەی داھاتوویش، بۆ درێژپێدان بە كۆبوونەوە و گفتوگۆكان، دووبارە شاندی ھەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوە‌.
گوتیشی: یەكێك لە كۆبوونەوەكانی چەند رۆژی رابردووی شاندی ھەرێم لە بەغدا، لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكان بووە كە لە میانیدا، ھەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتی ھەماھەنگی و بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكان كردووە.
گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لەبارەی بووجەی گشتیی ساڵ2023 ی عێراقەوە گوتی: رێككەوتنی بەرایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢٣ی عێراقەوە لەنێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق كراوە و ئەركەكانی ھەردوولا دیاریكراون، بەڵام ھەندێك وردەكاری ماون كە پێویستییان بە گفتوگۆ ھەیە، بۆ ئەوەی مافەكانی ھەرێمی كوردستان پشتگوێ نەخرێن.
جووتیار عادل لەبارەی سەردانەكەی مەسرور بارزانی ، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، بۆ ئیمارات بەمەبەستی بەشداریكردن لە لووتكەی جیھانیی حكوومەتەكان رایگەیاند، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، لە میانی سەردانەكەی بۆ ئیمارات زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی ئیمارات ئەنجامداوە كە تیایدا داویان لە وڵاتانی كەنداو كردووە، وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان بكەن و سەردانەكە بەشێوەیەكی گشتیی بەرھەمدار بووە و گوتی: وڵاتانی كەنداو بە گرنگییەوە لە پێگەی ھەرێمی كوردستان دەڕوانن.
لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی گەیاندنی ھاوكارییەكان بۆ زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزەكان لە سووریا گوتی: سووریا بەھۆی ئەوەی بە دۆخێكی شەڕدا تێپەڕدەبێت، بۆیە ھاوكارییەكان بەراورد بە وڵاتێكی كە لە ئاشتییدا دەژێت، بە ئەستەم دەگەیەنرێنە زیانلێكەوتووان.
جووتیار عادل راشیگەیاند كە پێویستە ھاوپەیمانان لێكۆڵینەوە بكەن، لەوەی بزانرێت ھاوكارییەكان لە سووریا بۆ كوێ دەبرێن، بەڵام توانراوە بە ھەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھاوكارییەكان بگەیەندرێتە زیانلێكەتووانی بوومەلەرزەكان لە سووریا.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.