له میانهی دیدارهكهی ئهمشهوی نێوان سهرۆكی فڕهنسا و سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، سهرۆكی فڕهنسا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامبوون لەسەر پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.
ئێوارهى ئەمڕۆ پێنجشەم مەسرور بارزانى سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان له کۆشکی ئەلیزیێ لە پاریس، لهگەڵ ئيمانوێل ماكرۆن سهرۆكى فڕهنسا کۆبووەوە.
له كۆبوونهوهکەدا پەرەپێدان بە پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و گرینگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و هەناردەکردنی بەروبوومی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکانی دەرەوە بە تایبەتی ئەوروپا .
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی حکوومەت و گەلی فڕهنسای کرد بۆ بەردەوامیی پشتیوانییان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کە لە ڕۆژگارە سەختەکاندا فڕەنسا هەمیشە پشتیوانیی لە گەلی کوردستان کردووە.
سەرۆک ماکڕۆن سڵاو و ڕێزی تایبەتی بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەبوو، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەردەوامبوون لە سەر پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.
گرنگیی چارهسهركردنى کێشەكانى هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی ئاسایش و سهقامگيريى ناوچهكه، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.