Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 15:24

نێچیرڤان بارزانی: کۆچی دوایی پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا حەمید ئەفەندی زۆر خەمگینی کردم

کوردستان TV
100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی فەرماندە حەمید ئەفەندی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، کۆچی دوایی پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا حەمید ئەفەندی زۆر خەمگینی کردم.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی حەمید ئەفەندی ڕایگەیاند: ڕۆڵی ئەم تێکۆشەرە مەزنە بە خەباتی خۆی، هەمیشە لە یادی ئێمە و هەڤاڵانی و گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە.

دەقی پەیامی سەرەخۆشی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی فەرماندە حەمید ئەفەندی:-

بۆ بنەماڵە و هەڤاڵانی تێکۆشەری دێرین و ئازا حەمید ئەفەندی

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەوڵی کۆچی دوایيی تێکۆشەری دێرین و سیاسەتکار و وەزیری پێشمەرگە لە کابینەی چوارەم، حەمید ئەفەندى ـ م پێگەیشت. کۆچی دوایيی پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا حەمید ئەفەندی، زۆر خەمگینی کردم.

خوالێخۆشبوو حەمید ئەفەندی، وەک کادیرێکی لێهاتوو و پێشمەرگەیەکی ئازا، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا بە ڕابەرایەتيی بارزانيی نەمر. ڕۆڵێکی گرنگی لە وشیاکردنەوەی جەماوەردا دەگێڕا. لە کاتی نسکۆی شۆڕشدا زۆر خۆڕاگر بوو، زۆر جێگەی متمانەی خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی و سەرۆک مەسعوود بارانی بوو. لە کاتی سەرکردایەتيی کاتيی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا، ڕۆڵێکی زۆر گرنگی گێڕا لە خەباتی پێشمەرگایەتی و سیاسیدا. بەرپرسیاريه‌تيی گەورەی لە هەموو ناوچەکانی شۆڕشدا بەوپەڕی لێزانییەوە ئەنجام دا.

کاک حەمید ئەفەندی، ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو لە ڕاپەڕینی 1991ـدا و لە بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین، هەروەها لە کابینەی چوارەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا وەک وەزیری پێشمەرگە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو. سەرەڕای تەمەنەکەی، لە شەڕی داعشدا بەشدار بوو و ڕۆڵی ئازایانەی گێڕا.

لەدەستدانی تێکۆشەرێکی ئازا و لێزانی وەک کاک حەمید ئەفەندی، زیانێکی زۆر گەورەیە بۆ گەلی کوردستان، بەڵام ڕۆڵی ئەم تێکۆشەرە مەزنە بە خەباتی خۆی، هەمیشە لە یادی ئێمە و هەڤاڵانی و گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

17ـی 02ـی 2023

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.