مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆچی دوایی حەمید ئەفەندی ڕایگەیاند، بە خەمناكییەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادە تێكۆشەرەكەیان و جەنابی سەرۆک بارزانی و جێگرانی سەرۆکی پارتیمان و سەرجەم ھەڤاڵانی کۆمیتەی ناوەندی و پێشمەرگە و کادیر و ئەندامانی پارتیمان و هاوڵاتییانی كوردستان دەكەین.
دەقی پەیامی سەرەخۆشی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەر حەمید ئەفەندی:-
بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی کەسایەتیی تێكۆشەر و فەرماندە و خەباتکاری دیاری گەلەکەمان و هەڤاڵ و سەرکردەی ماندوونەناسی پارتیمان (حەمید ئەفەندی) ڕادەگەیەنین، کە بەھۆی نەخۆشییەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 17ـی شوباتی 2023، دوا ماڵئاوایی لێکردین.
بە خەمناكییەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادە تێكۆشەرەكەیان و جەنابی سەرۆك بارزانی و جێگرانی سەرۆکی پارتیمان و سەرجەم ھەڤاڵانی کۆمیتەی ناوەندی و پێشمەرگە و کادیر و ئەندامانی پارتیمان و هاوڵاتییانی كوردستان دەكەین.
هەڤاڵی خوالێخۆشبوو (حەمید ئەفەندی) لە ساڵی (1934) لە خێزانێكی ناسراوی دەڤەری برادۆست و سیدەکان لە دایكبووە، كەسایەتییەكی خەباتکار و ناسراوی گەلەكەمان بووە، كە هەموو تەمەنی خۆی و خانەوادەكەی لە خەبات و تێكۆشان لە ڕیزی پارتیمان و لە پێناو گەلەكەی و دۆزە ڕەواكەی تەرخان كرد.
لەساڵی(1957) پەیوەندیی بە ڕیزەكانی پارتییەوە كردووە، دواتر لە ساڵی (1961) پەیوەندیی بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە دەکات و لە ماوەی خەباتی بێ وچانیدا بەشداری چەندین داستان و قارەمانێیەتی کردووە و چەند جارێکیش لە پێناو بەرگریکردن لە کوردستان و رێبازە پیرۆزەکەی برینداربووە و لە مەرگ گەڕاوەتەوە.
هەڤاڵی ناوبرا وەک پێشمەرگەیەکی چاونەترس و دڵسۆز و فەرماندەیەکی ناسراو و کارزان لە ژیانی پارتایەتی و خەباتدا بە دەیان لێپرسراویەتی لە ئەستۆ گرتووە و بەوپەڕیی دڵسۆزییەوە بەئەنجامی گەیاندوون.
هەڤاڵی خوالێخۆشبوو (حەمید ئەفەندی) لە كۆنگرەی نۆیەمی پارتیمان لە ساڵی (1979) بەئەندامی یەدەگی كۆمیتەی ناوەندی و دواتر لە کۆنگرەی دەیەم لە ساڵی (1989) بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان هەڵبژێردراوە.
ھەڤاڵی کۆچکردوومان هەڵگری میدالیای بارزانی و جێگای باوەڕی جەنابی سەرۆک بووە و، جگە لە بەشداریکردنی لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان، ڕۆڵێکی بەرچاویشی لە ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی (1991)ی گەلەکەماندا هەبووە و دوای راپەڕین و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی كوردستانیش پێگەی دیاری هەبووە و چەندین ئەرک و بەرپرسیاریەتی بەو پەڕیی دڵسۆزییەوە بە جێگەیاندووە، لەوانە پۆستی وەزیری پێشمەرگە.
دووبارە بە ناوی خۆمان و ھەڤاڵانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین خانەوادەی تێكۆشەری خوالێخۆشبوو (حەمید ئەفەندی) لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و، لە خودای گەورە داواکارین ڕۆحی پاکی هەڤاڵی كۆچكردوومان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.