Erbil 38°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 16:19

جۆزیپ بۆرێل: ئارامی و سەقامگیری عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ یەكێتیی ئەورووپا گرنگە 

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەورووپا كۆبووەوە
کوردستان TV
100%

هەر لە چوارچێوەی بەرنامەكەیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 2023/2/18 ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ جۆزیپ بۆرێل، جێگری سەرۆك و بەرپرسی باڵای كاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنیی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەورووپا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا دەربارەی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، شەڕی دژی تیرۆر، پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا و دەرفەتەكانی فراوانكردنی زیاتری هاریكاریی هاوبەشی نێوانیان، بیروبۆچوونیان گۆڕییەوە.
بۆریل جەختی لە بەردەوامیی پشتگیریی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر و پرۆسەی بنیاتنانی دامەزراوەكان و سەرخستنی گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان كردەوە، هەروەها ڕایگەیاند كە ئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ یەكێتیی ئەورووپا گرنگ و جێی بایەخە.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپای كرد بۆ پشتیوانیی سەربازی و مرۆیی و سیاسی لە هەرێمی كوردستان و عێراق و خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا و فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەشی ئابووری و ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا دووپات كردەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و گرنگیی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان، پرسی شەڕ لە ئۆكراینا و لێكەوتەكانی، چۆنیەتیی چارەسەركردنی قەیرانی وزە لە ئەورووپا، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولا، تاوتوێ كران.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.