Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 09:32

حکوومەتی عێراق بڵاوکراوەکەی ڕۆژنامەی ئەلسەباح لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بڵاوکراوەکەی ڕۆژنامەی ئەلسەباح لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت، بۆچوونێكی کەسییە و گوزارشت لە دیدی حکوومی و فەرمی ناکات.

لە ڕاگەیەنراوێک باسم عەوادی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند: ئەوەی لە ڕۆژنامەی ئەلسەباحدا هاتووە، بە ناونیشانی (ئایا هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟) لە ڕێکەوتی 18ـی 02ـی 2023ـدا باس کرابوو بۆچوونێكی کەسییە و گوزارشت و نوێنەرایەتیی لە دیدی حکوومی و فەرمی ناکات.

ڕاشیگەیاند: ماددەکانی دەستووری عێراق سەبارەت بە فیدراڵیبوونی عێراق و بڕگەکانی دیکە شێوازی پەیوەندی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانیان ڕێکخستووە، ئەمەش یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی عێراقی نوێ کە حکوومەت کار بۆ چەسپاندن و پاڵپشتیکردنی دەکات.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەی ئاماژەی بەوەش داوە کە پابەندین بە حکوومەتێکی شەرعی کە بەپێی دەستوور هەڵبژێردرابێت و پابەند بێت بە جێبەجێکردن و کارپێکردنی یاساکانی عێراق.

ئەمەش لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ شەممە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی بڵاوکراوەکەی دایەوە و ڕایگەیاند: ڕۆژنامەی "ئەلسەباح"ـی عێراقی، نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە کە گوایە لە ڕاپرسییەکدا "خەڵک بێ هیوا بوون لە دەسەڵاتى سیاسیی هەرێم و خوازیارى گەڕانەوەن بۆ سەر بەغدا".

ئەم سەنتەر و بەناو ڕاپرسییەی ڕۆژنامەکە پشتی پێ بەستووە، هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە، ئەگەر بەڕاستیش ڕۆژنامەی (ئەلسەباح) و ئەوانەی لە پشتییەوەن، باوەڕیان بە ڕاپرسییە، لە 25ـی 09ـی 2017، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان، لە گەورەترین ڕاپرسی و ڕیفراندۆمی جەماوەری و دەنگدانێکی ئازاددا، قسەی خۆیان کرد و دەنگیان بۆ جیابوونەوە دا، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی بەغدا، بە هێرشی سەربازی و بەکارهێنانی سووپا لەدژی خەڵکی کوردستان و گەمارۆدان، وەڵامی ڕیفراندۆم و ڕای خەڵکیان دایەوە.

ڕاشیگەیاند: خەڵکی پارێزگاکانی عێراق، خۆیان شایەتی دەدەن کە هەرێمی کوردستان لەڕووی پێشکەوتن و ئاوەدانیی و خزمەتگوزارییەوە، بە چەندین ساڵ لەپێش ناوچەکانی دیکەی عێراقەوەیە، ئیتر چۆن خۆزگە بەوە دەخوازن و داوا دەکەن بگەڕێنەوە سەر شوێنێک کە لە هەموو بوارەکاندا وێران و کاول بووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش دا کە "هەرێمی کوردستان، خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانە و هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی هەرێمى کوردستانى نییە و بە نووسینی ڕۆژنامەیەکی مایەپووچ هەڵناوەشێتەوە کە پارەیەکی زۆری لێ خەرج دەکرێ و کەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە."

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.