ڕۆژنامەی "زە تایمز"ی بەریتانی چاودێری كەشوهەوای ناو بنكە سەربازییە نهێنییەكەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكراینای لە كیێڤی پایتەخت كردووە.
پێنكۆڤا چییە؟
كۆمەڵگایەكە ناوی لێنراوە پێنكۆڤا، لەچەند ژوورێكی كۆنكریتكراو پێكهاتووەو بە ئەڵقەیەكی پۆڵا دەورە دراوە، لە دەوربەرەكەی خاڵی پشكنین هەیە و بە پاسەوانی چەكدار ڕیزكراون كە تەنها ڕێگە بەو كەسانە دەدەن كە مۆڵەتیان هەیە بچنە ژوورەوە.
ئۆتۆمبێلە مەدەنییەكان ناتوانن لە كۆمەڵگایەكە نزیك ببنەوە و سەربازەكان داوای وشەی نهێنی لە یەكدی دەكەن كە ڕۆژانە دەگۆڕدرێن، دەستەواژەكانیش بۆ ڕووسەكان زۆر قورسە بیڵێنەوە.
لەناو كۆمەڵگایەكەدا تاریكی بۆ هەمیشە زاڵە ، چونكە هەموو پەنجەرەكان بە كیسی خۆڵ داخراون، بۆ ئەوەی لە تەقینەوەی بۆمبەكان بپارێزرێن، هەروەها گڵۆپەكان دەكوژێنرێنەوە بۆ كەمكردنەوەی مەترسی بە ئامانجگرتنی بیناكە لەلایەن هێرشی ئاسمانی یان قەناس بەدەستەوە.
لەوبارەیەوە بەرپرسێكی حكومەتی ئۆكرانیا بە ڕۆژنامەی تایمزی ڕاگەیاندووە، لەناو كۆمەڵگاكەدا،بنكەیەكی ژێرزەمینیی هەیە، لە چەند مانگی ڕابردوودا تەنها یەكجار بەكارهێنراوە، دوای ئەوەی لە هاویندا زانیاری هەواڵگری گەیشتووە كە ڕووسەكان پلانیان هەیە هێرش بكەنە سەر بارەگاكانی حكومەت.
لە ساڵی 2022 تاقیكردنەوەی بەرگەگرتن بووە بۆ زێلێنسكی و بەرپرسەكانی، كە ڕۆژانە 18 كاتژمێر كاریانكردووە، زۆرجاریش لەنێو كۆمەڵگە تاریكەكەدا خەوتوون و بەزەحمەت خێزانەكانیان بینیوە.
بە وتەی یەكێك لە یاریدەدەرەكانی، زێلێنسكی لە 10 ڕۆژدا تەنها جارێك خێزانەكەی دەبینێت و ژیان لە تاریكی ئەو كۆمەڵگایەو دوور لە خێزانەكەی "فشارێكی گەورەیە" لەسەر سەرۆكی ئۆكرانیا.
چیرۆكی خۆ شاردنەوە ..
بەپێی سەرچاوەیەكی حكومی، لە دوای لەشكركێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، دەستبەجێ كەسایەتییە باڵاكانی حكومەتی ئۆكراینا بە فەرمانی سوپای ئۆكراینا بردرانە بنكە ژێرزەمینییەكە و داوایان كرد تا ئاگاداركردنەوەی زیاتر لەوێ بمێننەوە،پلانی سەرەتاییش ئەوە بووە بۆ ماوەی هەفتەیەك لەناو بنكەكەدا بێمننەوە، بەڵام ڕووداوەكانی دەرەوە بوونەتە هۆی ئەوەی پلانەكە بگۆڕدرێت.
كاتێكیش هێزەكانی ڕووسیا زۆرێك لە شارۆچكە و شارەكانیان لە كیێڤ و دەوروبەریدا گرت، بۆ چەند هەفتەیەك وا دیار بوو كە پایتەختیش بە دڵنیاییەوە دەڕوخێت،زێلێنسكی و یاریدەدەرە باڵاكانی نزیكەی دوو مانگ لە ژێر زەویدا ژیان، دواتر بە شێوەیەكی وردە وردە دەركەوتن بۆ ئەوەی خەڵك دڵنیا بكەنەوە كە هەڵنەهاتوون.
بەپێی ڕۆژنامەی تایمز ،ئەوانەی بانگهێشت كرابوون بۆ ئەوەی شانبەشانی زێلێنسكی لە بنكە ژێرزەمینیەكەدا بژین، دەبوو ڕێكەوتنێكی ئاشكرا نەكردن واژۆ بكەن كە قەدەغەیان دەكات هیچ وردەكارییەك سەبارەت بە شێوازی بنكەكەو شوێنەكە، یان خزمەتگوزارییەكان باس بكەن و تەنانەت ڕێگەیان پێنەدراوە باسی ئەو خواردنانە بكەن كە خواردوویانە.
شایانی باسە لە سەرەتای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا لە 24ی شوباتی 2022، چەندین هەوڵی تیرۆركردن بۆ سەر زێلێنسكی هەبووە و مانگی ئازاری ساڵی ڕابردووش ئۆلێكسی دانیلۆڤ ،سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئۆكرانیا ئاشكرای كرد كە زێلێنسكی لە سێ هەوڵی تیرۆركردن ڕزگاری بووە .
هەروەها بەپێی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە 2ی ئازاری 2022 پیلانی تیرۆركردنی زێلێنسكی پووچەڵكرایەوە و ئەو سەربازە چیچانیانەی لە ڕووسیا بۆ ئەنجامدانی ئەو هەوڵە ڕەوانەكرابوون لە كیێڤ كوژران.
سەرچاوە/ ماڵپەڕی حورە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.