Erbil 38°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 08:14

توركیا: له‌ بوومه‌له‌رزه‌كاندا 40 هه‌زار و 689هاووڵاتییمان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

کوردستان TV
100%


سەرۆکی سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌سات و دۆخه‌ له‌ناكاوه‌كان له‌ توركیا (ئافاد)، یونس سەزەر رایگەیاند، له‌ ئه‌نجامی بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەش، 40 هەزار و 689 کەس گیانیان لەدەستداوە.

لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە ناوەندی ئافاد بەڕێوەچوو، یونس سه‌زه‌ر ئاشكرایكرد، سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كان شان به‌شانی یه‌كتر و به‌ هه‌ماهه‌نگ له‌ كاره‌كانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی داروپه‌ردووه‌كان، دامه‌زراندنی خێوه‌تگه‌كان و كۆنتێنه‌ره‌كان و ئاماده‌كردنی ژێرخان، كارده‌كه‌ن. 

سه‌زه‌ر باسی له‌وه‌كرد زیاتر له‌ 35 هه‌زار كارمه‌ندی گه‌ڕان و رزگاكردن ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ كراون و له‌وانه‌ش لانیكه‌م 20 هه‌زاریان له‌ كاره‌كانیان به‌رده‌وامن. 

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ 14 هه‌زار ئۆتۆمبیلی گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وامن له‌ كاره‌كانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی داروپه‌ردووه‌كان و رایگه‌یاند: كۆی گشتیی زیاتر له‌ 270 هه‌زار كارمه‌ندی كه‌رتی گشتیی و رێكخراوه‌ ناحكوومییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ بوون. له‌ ئێستادا 150 هه‌زاریان كارده‌كه‌ن له‌ ناوچه‌كه‌. له‌كاتێكدا كه‌ پاككردنه‌وه‌ی داروپه‌ردووه‌كان به‌رده‌وامه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ستیار كاره‌كانی گه‌ڕان و رزگاركردن به‌ چڕی درێژه‌یان هه‌یه‌. 

سه‌رۆكی ئافاد له‌باره‌ی ژماره‌ی قوربانییه‌كانه‌وه‌ رایگه‌یاند: دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌19ی2ی2023 ئه‌وه‌مان ده‌ستنیشان كردووه‌ كه‌ 40 هه‌زار و 689 هاووڵاتییمان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كاره‌كانی گه‌ڕان و رزگاركردن له‌ زۆر شوێن كۆتاییان هاتووه‌ به‌ڵام هه‌ندێك ناوچه‌ی هاتای و قه‌هره‌مانمه‌ڕه‌ش درێژه‌یان هه‌یه‌. 

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: له‌ 40 باڵه‌خانه‌دا، كاره‌كانی گه‌ڕان و رزگاركردن به‌ هه‌ستیارییه‌كی زۆره‌وه‌، به‌ وردییه‌كی له‌ راده‌به‌ره‌وه‌، درێژه‌یان هه‌یه‌. له‌ ئێستادا زیاتره‌ له‌ 250 هه‌زار خێوه‌ت هه‌ڵدراون. ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ له‌ كورتترین ماوه‌دا ئه‌مه‌ بگه‌یه‌نینه‌ 300 هه‌زاره‌كان.

یونس سه‌زه‌ر تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ 460 هه‌زار و945كه‌س ده‌ربازكراون و 318 هه‌زار و 970 كه‌س له‌میوانخانه‌كان ده‌مێننه‌وه‌. له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن زیانلێكه‌وتووی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ خێوه‌ته‌كان، كۆنتێنه‌ره‌كان و میوانخانه‌كانی ناوچه‌ كاره‌ساتباره‌كه‌دا ده‌مێننه‌وه‌ و رایگه‌یاند: ده‌ستنیشانكردنی زیانی لانیكه‌م 830 هه‌زار بینا و باڵه‌خانه‌ له‌ ئێستادا ته‌واوبووه‌. 

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.