Erbil 38°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 11:23

حكوومه‌تی هه‌رێم: بەنداوی خنس له‌ دهۆك كە توانای گلدانەوەی 7 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە بەگەڕ دەخرێت

کوردستان TV
100%


كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ خزمەتكردنی كەرتی كشتوكاڵی و كەمكردنەوەی زیانەكانی وشكەساڵی، بایەخێكی ڕژدی بە دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكان داوە؛ لەم چوارچێوەیەدا دروستكردنی بەنداوی خنس لە پارێزگای دهۆك، لە قۆناغی كۆتایی و تاقیكردنەوەدایە كە توانای گلدانەوەی 7 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و گرنگی بۆ كەرتی كشتوكاڵ، سامانی ئاژەڵ، كەرتی گەشتوگوزاری و ئاوی ژێر زەوی دەبێت.
بۆ زانیاری لەبارەی جۆر و توانا و گرنگیی بەنداوەكە، فەرهاد محەمەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند: بەنداوی خنس هەموو كارێكی تەواو كراوە و دەست بە تاقیكردنەوەی تۆکمەیی و بەرگریی بەنداوەکە كراوە؛ لەبەر ئەوە ئەمساڵ پڕ لە ئاو كراوە و لەڕێی لیژنەیەکەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوی دهۆك چاودێریی كەموكوڕییەكانی دەكرێت و ڕاپۆرتی پێویست لەسەری، ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەكان دەكرێت.
بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک ئاماژەی بەوەش دا "بەنداوی خنس لەساڵی 2010 بڕیاری دروستكردنی دەرچوو، بەڵام تەنیا توانرا 30%ـی تەواو بكرێت و كارەكانی ڕاگیران، تا لەكابینەی نۆیەم و لەساڵی2021 دەست بە كاركردن کرایەوە و لە ساڵی 2022 توانرا تەواو بكرێت، بەڵام بۆ دڵنیابوون لە هەموو ئەو كارانەی تیایدا كراوە، تا دوو ساڵ چاودێری دەكەین".
بەنداوی خنس لە جۆری خاکی پڕکراوەیە و دەكەوێتە قەزای شێخانی پارێزگای دهۆك، توانای گلدانەوەی 7 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە؛ بەرزییەكەی 34.5 مەترە و درێژییەكەشی بە سەرڕێژەوە 195 مەترە، هەروەها دەرچەی ئاودەرەكەشی دوو بۆڕیی تیرە 90 و 50 سانتیمەتریین.
تێچووی ئەم بەنداوە 9 ملیار و 218 ملیۆن 486 هەزار و 750 دینارە و لە ئێستاوە سوودی بۆ كەرتی كشتوكاڵی، ئاوی ژێر زەوی و كەرتی گەشتیاری دەبێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.