ئه‌كادیمیای كوردی، وه‌كوو میراتگر و جێگرەوەی كۆڕی زانیاریی كورد كه له ساڵی 1970 دامه‌زرا و دواتر ناوه‌كه‌ی بۆ "كۆڕی زانیاریی كوردستان" گۆڕا، له ساڵی 2007 بووبه "ئه‌كادیمیای كوردی".
ئه‌كادیمیای كوردی كە ئامانجی سەرەكی پاراستن و گەشەپێدانی زمان و فەرهەنگی كوردییە، له 9-15 ئه‌ندام پێكدێت؛ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیشی له 5 ئه‌ندام پێكدێت كه له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌ستنیشان كراون. چوار ساڵ جارێكیش ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تییەكەی ده‌گۆڕێت.
لەم دیمانەیەدا، عەبدولفەتاح بۆتانی، سەرۆكی ئەكادیمیای كوردی، لەبارەی ئەكادیمیا و چالاكییەكانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا، بۆ پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێم دواوە.
هەوڵەكان لەبارەی بەستانداركردنی زمانی كوردی
له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی بۆ دیاریكردن و كاركردن له‌سه‌ر زمانێكی ستاندارد، پڕۆفیسۆر عه‌بدولفه‌تاح بۆتانی، سه‌رۆكی ئه‌كادیمیای كوردی گوتی: له ساڵی 2007 تا 2009 ویستمان زمانێكی ستاندارد دامەزرێنین، به‌ڵام نه‌مانتوانی. ئێستا دوو زار‌ی ستاندارد لە هەرێمی كوردستان هه‌ن كه بادینی و سۆرانییه، ڕاگه‌یاندنیش به‌شێوه‌یه‌كی باش ئه‌و دوو زارە‌ی لێك نزیك كردووه‌ته‌وه.
پێشتر له كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌كادیمیای كوردی، باسمان له زمانی ستانداردی كوردی ده‌كرد، به‌ڵام نه‌گه‌یشتینه ئه‌نجام و بڕیارێك، چونكه ئه‌و بڕیاره كه‌مێك قورسه و په‌یوه‌ندی به پرسی نەتەوە بە گشتی و نه‌ته‌وه‌بوونه‌وه هه‌یه؛ بۆیه له ساڵی 2011 به‌دواوه باسی زمانی ستانداردمان نه‌كرد. ئێمه بەكاربردنی هەردوو زار‌ی بادینی و سۆرانی به كه‌موكوڕی نازانین، چونكه وه‌ك ده‌زانین زۆر وڵات هه‌ن زیاتر له زارێك به‌كاردێنن و هیچ كێشه‌یه‌كیشیان نییه.
لە كابینەی نۆیەمدا 113 كتێب چاپ كراون
له‌باره‌ی چالاكییه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردییش له‌دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م، سه‌رۆكی ئه‌كادیمیا گوتی: پێش پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م، بودجه‌ی ته‌رخانكراو بۆ ئه‌كادیمیای كوردی كه‌م بوو، به‌ڵام له سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌م بودجه‌كه‌مان زیادی كرد، ئه‌وه‌ش بووه هۆی زیاتربوونی چالاكییه‌كانمان و توانیمان 113 په‌رتووك له سه‌رجه‌م بواره گرنگه‌كانی وه‌كو مێژوو و جوگرافیا و ئه‌ده‌ب و ... هتد چاپ بكه‌ین؛ هه‌روه‌ها گۆڤارێكمان به ناوی ئه‌كادیمیای كوردی هەیە، له لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستییەوە پەسند كراوە؛ زۆربه‌ی مامۆستاكانی زانكۆ له سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌و گۆڤاره‌دا بڵاوده‌كه‌نه‌وه و تا ئێستا12 ژماره‌ی لێ ده‌رچووه و 150 لێكۆڵینه‌وه‌ی تێدا بڵاوكراوه‌ته‌وه و لەسەری بەردەوام دەبین.بەردەستكردنی چاپكراوەكانی ئەكادیمیا لە سەكۆی جیاوازدا
"له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌كادیمیای كوردی ده‌زگایه‌كی زانستییه، به‌رده‌وام پێشانگەی كتێب ده‌كاته‌وه، په‌رتووكه‌كانیشی به نرخی گونجاو ده‌فرۆشێت. ساڵانه پێشانگه له‌نێو باڵه‌خانه‌ی ئه‌كادیمیای كوردی له 22ی نیسان، لە یادی ده‌رچوونی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردیدا ده‌كاته‌وه. له سلێمانییش ساڵانه پێشانگه ده‌كاته‌وه و به‌شداری له سه‌رجه‌م پیشانگه‌كان ده‌كات و ڕاسته‌وخۆش په‌رتووكه‌كانی له نێو باڵه‌خانه‌ی ئه‌كادیمیا ده‌فرۆشێت."
ئەكادیمیا هەوڵی دانانی فەرهەنگە جۆربەجۆرەكان دەدات
سه‌رۆكی ئه‌كادیمیای كوردی سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌كانیان بۆ ده‌ركردن و چاپكردنی فه‌رهه‌نگێكی تایبه‌ت به زاراوه‌ی یاسایی گوتی: وه‌زاره‌تی داد، وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و ئه‌كادیمیای كوردی هه‌وڵی ده‌ركردنی فه‌رهه‌نگێكی یاسایی ده‌ده‌ن و ئێمه‌ش دوو ئه‌نداممان له لیژنه‌كان ده‌بێت. به‌رده‌وامیشین له‌سه‌ر دانانی فه‌رهه‌نگێكی گشتی بۆ زاراوه یاساییه‌كان. یه‌كه‌مجاریشه خه‌ریكی چاپكردنی فه‌رهه‌نگێكی په‌روه‌رده‌یین به دوو به‌رگ كه خزمه‌ت به بواری په‌روه‌رده و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ده‌كات. فه‌رهه‌نگێكی دیكه‌شمان به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌زگای موكریانی هه‌یه كه تایبه‌ته به مێژووی میلله‌تی كورد له سه‌رده‌می ئیسلامدا و كاره‌كانیشی ته‌واو بووه. ئه‌كادیمیای كوردی له‌گه‌ڵ ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستانیش، ڕۆژنامه‌ی ده‌نگی كوردی چاپ كرد كه هی ساڵی 1960 بوو. ئێستاش بۆ تێپه‌ڕبوونی 100 ساڵ به‌سه‌ر په‌یمانی سیڤه‌ر و لۆزان، په‌رتووكێكی 12 به‌رگی ئاماده‌كردووه و بڕیاره له 2023دا ته‌واو بكرێت.
هه‌ڵسه‌نگاندنێكی زانستی و ورد بۆ په‌رتووكه‌كان ده‌كرێت
پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر په‌رتووكێك له ئه‌كادیمیای كوردیه‌وه چاپ بكرێت، له ڕێگه‌ی لیژنه پسۆڕه‌كانی ئه‌كادیمیاوه، هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و كتێبانه ده‌كرێت. ئێستادا 15 كتێب بۆ هەڵسەنگاندن له‌لای شارازایانه و چوار په‌رتووكیشیان له‌ژێر چاپكردندان. ئه‌كادیمیای كوردی چه‌ند مه‌رجێكیشی بۆ چاپكردنی په‌رتووك هه‌یه و مه‌رجی سه‌ره‌كییش ئه‌وه‌یه ده‌بێت په‌رتووكه‌كه په‌یوه‌ندی به مێژوو و كولتووری كورده‌وه هه‌بێت و چاپكردنی په‌رتووكه‌كانیش به زار‌ی لاتینی و زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و فارسی و ئینگلیزی دەبێت.
پەیوەندییەكی بەردەوامی زانستی و نێودەوڵەتی
سه‌رۆكی ئه‌كادیمیای كوردی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌كادیمیا له‌گه‌ڵ ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كان، گوتی: له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ناوه‌نده ئه‌كادیمی و زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه په‌یوه‌ندیمان هه‌یه. هه‌موو چاپكراوه‌كانی خۆمان به خۆڕایی ده‌ده‌ینه په‌رتووكخانه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی زانكۆكان. لەڕووی پەیوەندییشەوە، له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی بێشكچی له زانكۆی دهۆك و بنكه‌ی ژین له سلێمانی و هه‌روه‌ها سه‌نته‌ری دیراساتی كوردی له به‌رلین په‌یوه‌ندیمان هه‌یه. به‌رده‌وام په‌رتووك ده‌نێرینه په‌رتووكخانه‌كانی هۆڵه‌ندا، سوید، ئه‌ڵمانیا، به‌غدا، عومان، ئیمارات، زانكۆكانی وڵاتانی عه‌ره‌بی، زانكۆكانی دیالا، زانكۆی به‌سڕه و ناسریه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌كادیمیای كوردی به‌رزترین ده‌زگای زانستییه له هه‌رێمی كوردستان، بۆیه داوا له سه‌رجه‌م مامۆستایانی زانكۆ ده‌كه‌م، پشت به ئه‌كادیمیای كوردی ببه‌ستن و په‌رتووكه‌كانیان له ڕێگه‌ی ئه‌كادیمیاوه چاپ بكه‌ن.
له كابینه‌ی نۆیه‌ك دۆخی ئه‌كادیمیای كوردی زۆر باشتر بووه له‌چاو پێشتر، له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه پێویستە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به چاوی ده‌زگایه‌كی زانستی و گرنگ سه‌یری ئه‌كادیمیای كوردی بكات و زیاتر گرنگی پێ بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.