Erbil 38°C شەممە 25 کانوونی دووەم 03:28

گوتەبێژی حکومەتی هەرێم: گفتوگۆکان لە گەڵ بەغدا بەردەوامییان هەیە

کوردستان TV
100%


شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەردانە دوو رۆژییەکەیدا بۆ بەغدا، سەبارەت بە هەندێ بابەتی پەیوەندیدار بە یاسای نەوت و گاز لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە.
د. جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێم و ئەندامی شاندەکە، لە لێدوانێکدا بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی ڕاگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای رێكکەوتنە سیاسییەکەی پێکهێنانی حکومەتی سودانی، بۆ داڕشتن و ئامادەکردنی یاسای بودجەی2023و یاسای نەوت و گاز و چەندین بابەتی پەیوەندیدار سەردانی بەغدای کرد و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ حەيان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، بەشێوەی گشتی لەسەر کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار بە یاسای نەوت و گاز گفتوگۆ کرا و گفتوگۆکانیش بەردەوامیان هەیە."
گوتەبێژی حکومەتی هەرێم بە ئاماژەپێدان بە پێداگریی حکومەتی هەرێم بۆ ڕێکكەوتن لەگەڵ بەغدا، گوتی: "شاندی حکومەتی هەرێم بۆ تاووتوێکردنی پرسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ لەگەڵ تیمی حکومەتی عێراق کۆبووەوە و بڕیارە تیمێکی یاسایی بۆ تەواوکردنی داڕشتنی دەقە یاسایییەکان تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز، لەم دوو ڕۆژەدا سەردانی بەغدا بکات."
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی دۆسیەی یاسای نەوت و گاز ئاماژەشی بەوەدا کە، لێکتێگەیشتنێک لەسەر بنەما گشتییەکان هەیە، بەڵام پێویستی بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەی زیاتر هەیە و لیژنە هاوبەشەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، بۆ كارپێكردن بەو لێکتێگەشتنەی نێوان هەردوولا لەسەری ڕێككەوتوون، دەستبەکار دەبێت.
گوتیشی "یاسای نەوت و گاز بۆ هەموو عێراق گرنگ و پێویستییە، چونكە سێكتەری نەوت لە عێراق گرفتی زۆری هەیە و یاساشی نییە؛ ئەم سێكتەرە ئێستا بەپێی یاسای وەزارەتی نەوت کار دەکات كە لە ساڵی 1976 داڕێژراوە. بۆیە یاسای نەوت و گاز تەنیا بۆ چارەسەرکردنی كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا نییە، بەڵكوو كێشەی تەواوی عێراق چارەسەر دەکات و پێداچوونەوەش بە سێكتەری نەوتی عێراقدا دەکات."
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەو سەردانەدا بۆ بەغدا، لەگەڵ ئەلینا رۆمانسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و پێداگیرییان لەسەر پێویستیی چارسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و بەردەوامبوونی گفتوگۆکان بۆ ئەم مەبەستە کردەوە.
شاندەکەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ عەتوان ئەلعەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و باسیان لە هەنگاوەکانی داهاتووی پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.