باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق،پێشوازی لە سەردانەكەی ئەم دواییەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەكات.
ئەلینا رۆمانۆسكی،باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: پێشوازی لە سەردانەكەی ئەم دواییەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەكەین، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی بەغدا سەبارەت بە بوودجەو نەوت.
هەروەها نووسیویەتی: چارەسەركردنی ئەم جۆرە پرسە هەڵپەسێردراوانە، خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی عێراق دەكات و بەشدارە لە سەربەخۆیی وزە و سەقامگیری ناوچەكە.
شایانی باسە ئەمڕۆ سێشەممە د. جوتیار عادل، گوتەبێژی حكومەتی هەرێم و ئەندامی شاندەكە، لە لێدوانێكدا بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی ڕاگەیاند: "حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر بنەمای رێككەوتنە سیاسییەكەی پێكهێنانی حكومەتی سودانی، بۆ داڕشتن و ئامادەكردنی یاسای بودجەی 2023 و یاسای نەوت و گاز و چەندین بابەتی پەیوەندیدار سەردانی بەغدای كرد و لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، بەشێوەی گشتی لەسەر كۆمەڵێك بابەتی پەیوەندیدار بە یاسای نەوت و گاز گفتوگۆ كرا و گفتوگۆكانیش بەردەوامیان هەیە."
گوتەبێژی حكومەتی هەرێم بە ئاماژەپێدان بە پێداگریی حكومەتی هەرێم بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا، گوتی: "شاندی حكومەتی هەرێم بۆ تاووتوێكردنی پرسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ لەگەڵ تیمی حكومەتی عێراق كۆبووەوە و بڕیارە تیمێكی یاسایی بۆ تەواوكردنی داڕشتنی دەقە یاسایییەكان تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز، لەم دوو ڕۆژەدا سەردانی بەغدا بكات.
هەروەها د. ئومێد سەباح ،سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە21ی2ی2023" لە هەژماری تایبەت بەخۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك بڵاویكردەوە: پاش سەردانێكی دوو رۆژە بۆ بەغدا وەك شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، گەڕاینەوە هەولێر" لەم سەردانەدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق دەربارەی یاسای نەوت و غاز و هەروەها لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار دەربارەی یاسای بودجە ، كۆبووینەوە.
ئەمەریكا پێشوازی لە سەردانەكەی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا دەكات
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.