Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 11:52

سەرۆکی حکوومەت: ئامادەین بۆ هەر هەماهەنگییەک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ هەر هەماهەنگی و هاریکارییەک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان، چونکە چارەسەرنەکردنی کێشەکان، زیان بە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەگەیەنێت.

بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی 02ـی 2023،، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی ئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ئیمارات و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات و جیهان، هەروەها سەردانی فەرەنسا و کۆبوونەوە لە گەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی باڵای دیکەی فەرەنسا خستەڕوو.

سەرۆک وەزیران و ئەندامانی شاندەکە، ئاماژەیان بەوە دا کە لە هەر دوو وڵاتدا، لە ئاستێکی زۆر باڵا، پێشوازی لە شاندی هەرێم کرا کە ئەمەش نیشانەی پێگەی گرنگ و بەهێز و پێشکەوتنی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستانە لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا.

مەسرور بارزانی ڕوونی کردەوە کە لە کۆبوونەوە و دیدارەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهات و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە کرا.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای دانوستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندی دانوستانی حکوومەتی فیدراڵ لە ڕۆژی 19ـی 02ـی 2023 سەبارەت بە پڕۆژەیاسای نەوت و گازی ئیتیحادی کە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی شاندەکە خرایەڕوو.

سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لە شاندی هەرێم، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووە کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانووستان و بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەین بۆ هەر هەماهەنگی و هاریکارییەک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، چونکە چارەسەرنەکردنی کێشەکان، زیان بە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەگەیەنێت.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی نابێت.

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا هەردوو تیمی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی فیدراڵ و پڕۆژەیاسای نەوت گاز، سبەی سەردانی بەغدا بکەنەوە، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لەپێناو تەواوکردنی دواهەنگاوەکانی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی فیدراڵی و هەروەها تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای نەوت وگازی فیدراڵ.

لە بڕگەی سێیەم وکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای (ڕێگەوبانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان) لەلایەن دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە خرایەڕوو. کە ئامانج لەم پڕۆژەیاسایە، پاراستنی سەلامەتی پێکهاتەکانی ڕێگەوبانە گشتییەکان و چاککردنەوەیان و ڕێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەریان و هەروەها دیاریکردنی قەدەغەکراوی ڕێگەوبانە گشتییەکانە.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیار درا پڕۆژەیاساکە زیاتر دەوڵەمەند بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی ڕاوسەرنجەکان، بەمەبەستی ئامادەکردنی بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران و پاشان پەسەندکردنی و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.