Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 11:42

بڕیار درا.. هاتوچۆی ئۆتۆمبێل له‌ ناو بازاڕ و شه‌قامه‌كانی ده‌وروبه‌ری قه‌ڵای هه‌ولێر قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت

کوردستان TV
100%

بۆ چارەسەری جەنجاڵیی شەقامەكان و برەودان بە جوانیی سیمای شارستانی قەڵای هەولێر وەك یەكێك لە دێرینترین شارەكانی دونیا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا جارێكی تر شەقام و بازاڕەكانی دەوروبەری قەڵا ڕێك بخاته‌وه‌ و له‌ هه‌ندێ له‌ شه‌قامه‌كان هاتوچۆی ئۆتۆمبێل قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت و ته‌نیا ده‌كرێته‌ ڕێگه‌ی پیاده‌.

ئەمڕۆ چوارشەم لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و د. سەرباز نەجیب ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕێكخستنەوەی شەقام و بەشێك لە دوكانەكانی دەوروبەری قەڵا كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ڕاپۆرتی "كرداری پەرەپێدانی چەقی شار" خوێندرایەوە كە لەلایەن لیژنەیەكی تایبەت لە سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر ئامادە كرابوو، پاشان ڕاپۆرتی "پلانی ڕێكخستنەوەی هاتوچۆی دەوروبەری قەڵا" خوێندرایەوە كە لەلایەن لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێرەوە ئامادە كرابوو. دواتر گفتوگۆی چڕ لەسەر هەردوو ڕاپۆرت كرا و هەموو تێبینییەكان خرانە سەر ڕاپۆرتەكان.

لەم ڕێكخستنەوەیەدا، هەندێك لە شەقامەكانی دەوروبەری قەڵا دەبنە شەقامی پیادە و ئۆتۆمبێل پێیاندا ناڕوات، هەروەها دوكانەكانی موڵكی شارەوانی جارێكی تر ڕێك دەخرێنەوە كە سیمایەكی شارستانی بدات و بایەخێكی زۆرتریش بە لایەنی ژینگەپارێزی و پاكوخاوێنی دەدرێت و ڕەچاوی باری تەندروستیی هەموو تەمەن و توێژە جیاوازەكان دەكرێت.

لە كۆبوونەوەكەدا هه‌روه‌ها بڕیار درا لە ماوەی هەفتەیەكدا هەموو تێبینییەكان ئامادە بكرێت و هەموو لایەنەكانی پەیوەست بەم ڕێكخستنەوەیە واژووی لەسەر بكەن و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.