Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 11:55

لەمەودوا بۆ هاتنە هەرێمی کوردستان دەتوانرێ بە ئۆنڵاین داوای ڤیزا بکرێت

کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی یەكەم پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیكترۆنی ڕاگەیاند، فەرمانگەی میدیا و زانیاری شێوازی داواکاری و زانیارییەکانی لەبارەی پۆرتاڵەکە خستووەتەڕوو.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگیی نێوان نووسینگەی سەرۆک وەزیران، نووسینگەی وەزیری ناوخۆ و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری، پڕۆسەی هەڵسەنگاندنی سیستەمەکانی بەڕێوەبردنی هاتنوچوون و پێدانی ڤیزا ئەنجام درا. ئێستا، سیستەمەکان بە شێواز و ڕێکاری نوێ و لەژێر ناوی (سیستەمی کۆنترۆڵی خاڵە سنوورییەکان)ـدا دروستکراوەتەوە.

ڕاشیگەیاند: سیستەمی کۆنترۆڵی خاڵە سنوورییەکان کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، پێکهاتووە لە 16 سیستەمی پێکەوەبەستراو، پێنج لەم سیستەمانە ڕووکاریان هەیە و لەلایەن چەند ستاف و بەکارهێنەری جیاوازەوە بەکار دەهێنرێن و 11 سیستەمیش هیچ ڕووکارێکیان بۆ بەکارهێنەر نییە و وەک پاڵپشت بۆ ئەو سیستەمانەی دیکە کار دەکەن و پوختەی سیستەمەکانیش لەم بەشانە پێک دێت:-

پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیکترۆنی

لەم پۆرتاڵەدا، هاووڵاتییانی گشت وڵاتانی جیهان بێ جیاوازی، دەتوانن لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە داواکاری بۆ ڤیزای ئەلیکترۆنی بۆ هاتنە ناو هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن. ئەم پۆرتاڵە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە خاوەندارێتی دەکرێت.

سیستەمی بەڕێوەبردنی زانیاریی دەستەبەر

ئەم سیستەمە بریتییە لە سیستەمێک بۆ ئەو دەستەبەرانەی کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ڕێگەیان پێ دراوە بۆ بوون بە دەستەبەر بۆ هاووڵاتی ئەو وڵاتانەی کە پێویستییان بە ڤیزا هەیە بۆ هاتنە ناوەوەی هەرێمی کوردستان. لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە، دەستەبەر دوای وەرگرتنی داواکاریی ڤیزای گەشتیاری بیانی دەتوانێت پێداچوونەوە بۆ داواکارییەکە بکات و داواکارییەکە بنێرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی ڤیزا لە وەزارەتی ناوخۆ.

سیستەمی بەڕێوەبردن و پێدانی ڤیزا

ئەم سیستەمە بریتییە لە سیستەمێک بۆ بەڕێوەبردنی داواکارییە پێشکەشکراوەکانی ڤیزا و پێدانی ڤیزای هەرێمی کوردستان. ئەم سیستەمە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڤیزای وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەکاردێت.

سیستەمی تۆماری نیشتمانیی ڕاگیراوان

ئەم سیستەمە بریتییە لە سیستەمێک بۆ بەڕێوەبردنی تۆمار و زانیاریی ڕاگیراوان، کە ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامە لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سیستەمەکە بەڕێوە دەبرێت.

سیستەمی بەڕێوەبردنی هاتنوچوون لە سنوورەکان

ئەم سیستەمە بریتییە لە سیستەمێک بۆ بەڕێوەبردنی هاتنوچوون لە گشت دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان. لەم سیستەمەدا تەواوی بنکەکانی نشینگە و بەشی کۆنترۆڵکردنی پاسپۆرت لە گشت دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە.

سیستەمە نوێیەکان (سیستەمی کۆنترۆڵی خاڵە سنوورییەکان)

● پۆرتاڵی پێشکەشکردنی داواکاریی ڤیزای ئەلیکترۆنیی کوردستان.

● سیستەمی بەڕێوەبردنی زانیاریی دەستەبەر.

● سیستەمی بەڕێوەبردن و پێدانی ڤیزا.

● سیستەمی تۆماری نیشتمانیی ڕاگیراوان.

● سیستەمی بەڕێوەبردنی هاتن و چوون لە سنورەکان.

● لەگەڵ 11 سیستەمی تر کە وەک پاڵپشت کار دەکەن بۆ ئەم سیستەمانەی سەرەوە.

پۆرتاڵی ڤیزای ئه‌لیكترۆنی

Visit.gov.krd

پێدانی ڤیزای ئه‌لیكترۆنی لەڕێگەی سیستەمی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانەوە یەکێک بوو لە كاره‌ سەرەکییەکان بۆ به‌دیجیتاڵكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، کە نصوسینگه‌ی سەرۆک وەزیران خستیە پێشینەی کارەکانی و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، بەرپرسیارێتیی بەجێگەیاندنی لەئەستۆ گرت. ئێستا، سیستەمەکان بە ڕێگە و ڕێکاری نوێ دیزاین کراونەتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە له‌ پۆرتاڵی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڤیزای ئەلیکترۆنی، بەڕێوەبردنی پرۆسەی داواکاری ڤیزا بە تەواوی لە ژینگەیەکی ئۆنڵاینی مۆدێرندا ئەنجام ده‌درێت. لەوانەش پێشکەشکردنی داواکاریی ڤیزا و بەڵگەنامەی پشتگیری، پارەدان بەدیجیتاڵی کراوە و بڕیاردان لەسەر داواکارییەکەش بە هەمان شێوە بە ئۆنڵاین ڕادەگەینرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش داوە کە ڤیزای ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی پێشخستنی کەرتی گەشتیاری و بازرگانی، سیستماتیککردنی پۆلێنی ڤیزا، کەمکردنەوەی تێچووی کارگێڕی، زیادکردنی شەفافیەت و دروستکردنی داتابەیسێک بۆ حکوومەتی هەرێم. سیستەمی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان بەگشتی چارەسەرێکی ناوەندییە، لە هەموو جیهانەوە دەستت پێڕادەگات وکارپێکراو و پراکتیکییە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و بەکارهێنەرانیش.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.