سەرەڕای دابەزاندنی نرخی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستاش نرخی دۆلار بە بەرزی ماوەتەوە، ئابووریناسێکی عێراقی هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.
عەبدولڕەحمان ئەلمەشهەدانی ئابووریناسی عێراقی ڕایگەیاند: حکوومەت نەیتوانیوە ئاسانکاری بۆ ڕێکارەکانی تۆمارکردن بکات لەسەر پێگەی حەوالەی دۆلار بۆ دەرەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بانکی بازرگانی عێراق مەرجی بۆ خۆتۆمارکردن لەو پێگەیە داناوە، کە بریتییە لە گەیاندنی پارەی پێشەکی بە بڕی 500 ملیۆن دیناری عێراقی. هاوکات بانکی ناوەندی مەرجی 250 ملیۆن دیناری وەک پارەی پێشەکی دانا بۆ ڕێگەدان بە چوونە ناو پێگەی فرۆشتنی دۆلارەوە.
ڕاشیگەیاند: ئەو کەسانەی سوودمەندن لەم بەرزبوونەوەیە، هۆکارن لە مانەوەی ئەو قەیرانە، بۆ ئەوەی پشکەکانیان بە نرخی دیاریکراو لە بانکی ناوەندی وەربگرن و بە نرخی بازاڕە ناوخۆییەکان بیفرۆشن.
ئەو ئابووریناسە عێراقییە سەبارەت بە دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاماژەی بەوە دا کە پێشنیارێک هەیە بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی ئاسانکاری بۆ بازرگانانی بچووک بکات لە ڕێگەی زیادکردنی پێشینەکان لە 17 ترلیۆنەوە بۆ 18 ترلیۆن، ئەمەش بە مەبەستی دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ بازرگانانی بچووک بە دۆلار لە بەرامبەر سوودی داراییدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.