Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 07:37

گوتەبێژی حكومەتی هەرێم: ھەولێر و بەغدا دەیانەوێت کێشە ھەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکەن

کوردستان TV
100%


ڕۆژی پێنجشەممە، 23ی شوباتی 2023، د. جوتیار عادل، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەت، كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی بەڕێوەبرد و لەسەر ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران كە ڕۆژی چوارشەممە، 22ی شوباتی 2023بەڕێوەچوو، قسەی كرد.
د. جوتیار عادل، گوتی: "لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، باس لە سێ تەوەری سەرەكی كراوە: یەكەمیان، سەردانی سەرۆكی حكومەت بۆ فەرەنسا و ئیمارات، دووەمیان، سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و درێژەدان بە گفتوگۆكان، سێیەمیشیان، بریتی بوو لە خستەڕووی پڕۆژەیاسای ڕێگەوبانە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان".
لە درێژەدا، گوتی: "لەبارەی سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ وڵاتانی فەرەنسا و ئیمارات، باس لەوە كرا كە پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان بەرەو سەرەوە هەڵكشاوە و هەماهەنگی و هاوكاریی ئابووری و بوارەكانی دیكە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهێزتر بووە. لەو دیدار و كۆبوونەوانەدا كۆمەڵێك دیدار بە ئاراستەی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان كراون؛ سەرۆكی حكومەت ئامانج و ئاكامی سەردانەكەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران باس كرد و ئاماژەی بە بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دەرەوە دا."
"لەبارەی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، ئێمە ئامانجمان هاوبەشییەكی ڕاستەقینەیە لەگەڵ بەغدا، حكومەت لەگەڵ چارەسەری سەرجەم كێشە و گرفتەكانە و ڕێككەوتنی هەردوو حكومەت لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی عێراقە. دڵنیاین كە دەستوور تاكە چارەسەر و ڕێگەی ڕێككەوتنە. بەشداریی ئێمە لە بوارە جۆربەجۆرەكان پەیوەیستە بە جێبەجێكردنی دەستوور و بۆ ئەوەش لە هەماهەنگیی بەردەوامداین لەگەڵ وەزارەتەكان، بۆ ئەو یاسایانەی كە دەبێت تەشریع بكرێن. ئێستا بۆ ئەو مەبەستە تیمە یاساییەكانمان لە بەغدان. لەسەر یاسای بودجەش هەندێك بابەت ماوە، لە چوارچێوەی ئەو یاسایە، مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەدی دێت؛ تەنانەت ئەوە بۆ خەڵكی عێراقیش دەستكەوتە. ئێمە ئومێدەوارین بگەینە ڕێككەوتن، هەندێك خاڵ ماون، بەڵام لێكتێگەیشتنی باش لەسەر كۆمەڵێك خاڵ هەیە؛ گەر دەستوور بنەما بێت، كێشەكان زۆر گەورە نین و چارەسەریان ئاسانە."
"لە تەوەرەی سێیەمی گفتوگۆی ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆژەیاسای ڕێگاوبانە گشتییەكان لەلایەن وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان خرایە ڕوو، گفتوگۆی لەبارەوە كرا؛ بۆ تێبینیی زیاتر و لێكۆڵینەوەی زیاتر پێشنیازەكان لەوبارەوە وەرگیران و لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران دەخرێتەوە بەر باس."
لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی فرۆشتنی نەوت بۆ ماوەی پەنجا ساڵ بە توركیا، گوتەبێژی حكومەت ڕایگەیاند: "ئێمە هیچ رێككەوتنێكمان بۆ فرۆشتنی نەوت بە توركیا نییە، ئەوەی هەیە گرێبەستی گواستنەوەی نەوتە لە ڕێگەی توركیاوە. بە هیچ شێوەیەكیش بە پێی ماوە نەوتمان بە هیچ وڵاتێك نەفرۆشتووە. بەهۆی فشاری بەغدا و بڕینی بوودجەی بەغداش، هەناردەی نەوتمان دەستپێكرد، چونكە بۆ ژیانی خەڵكی كوردستان پێویست بوو".
لەبارەی نائامادەیی تیمی یەكێتی لە ئەنجوومەنی وەزیراندا، گوتی: " چ سەرۆكی حكومەت و چ ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ ئەوەدا نین حكومەت ببێتە لایەنداری ململانێی سیاسی، بەڵام حكومەت سوورە لەسەر سەروەركردنی یاسا و ڕێگری لە بەفیڕۆدانی ماڵی گشتی و گەندەڵی و پێشێلكاری و قاچاغچییەتی، دەسەڵاتی دادوەرییش بڕیاری كۆتایی لایە. هەركەس بەمشێوەیە لەگەڵ حكومەت كار بكات، پێشوازی لێ دەكەین، چونكە حكومەت حكومەتی خەڵك."
لە درێژەی كۆنفرانسەكەدا، د. جوتیار عادل، وەڵامی چەند پرسیارێكی ڕۆژنامەنووسانی لەسەر چەند پرسێكی جیاوازی سیاسی و یاسایی لەبارەی هەڵبژاردن و پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا دایەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.