Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 15:36

ڕووسیا ڕێککەوتنی (نیو ستارت)ی تایبەت بە چەکی ئەتۆمی هەڵپەسارد

کوردستان TV
100%

دوای 12 ساڵ لە بەردەوامی ڕێککەوتنی (نیو ستارت)، کە لە ساڵی 2010 لەنێوان باڕاک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا و دیمتری مێدڤیدێڤ سەرۆکی پێشووی ڕووسیا واژۆ کرا، ئامانج لە ڕێککەوتنەکە سنووردارکردن و کەمکردنەوەی کڵاوەی ئەتۆمی نێوان هەر دوو وڵات بوو، لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێک بە ناوی (NEW START).

ڕێککەوتنی (نیو ستارت) تایبەتە بە کەمکردنەوە و سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی بە ڕێژەی 30% و هەروەها ئەو مووشەکە درێژمەودا و کیشوەر بڕانەش لەخۆ دەگرێت کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیان هەیە، لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە هەر دوو وڵات نابێت زیاتر لە هەزار و 550 کڵاوەی ئەتۆمی و 700 مووشەکی دوور مەودا و بۆمب هاوێژیان هەبێت، لەگەڵ 800 مووشەکی کیشوەر بڕی جێگر جووڵاو.

هەروەها بە پێی ڕێککەوتنەکە هەر لایەنێک دەتوانێت ساڵانە تا 18 جار پشکنین بۆ شوێنە ستراتیژییەکانی چەکی ئەتۆمی ئەوەی تر ئەنجام بدات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لایەنی بەرامبەر ڕێککەوتننامەکە پێشێل نەکردووە، بەڵام بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا لە ساڵی 2020 پشکنینەکان وەستان.

ڕێککەوتنی نیو ستارت لە ساڵی 2011 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، و لە ساڵی 2021 دوای دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ماوەی 5 ساڵ واتا تا ساڵی 2026 درێژ کرایەوە، کە ڕێککەوتنەکە دوایین هەوڵی کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆیە.

ڤلادیمیر پۆتن پێرێ سێشەم لە وتارێکیدا کە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی دەستپێکی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا لە (24-2-2022) هەڵپەساردنی ڕێککەوتنی نیو ستارتی ڕاگەیاند و هەڕەشەی یەکجاری کشانەوەی ڕووسیای لە ڕێککەوتنەکە کرد، ئەگەر ئەمەریکا پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنەکە و بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنی نەیارانی وڵاتەکەی، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئەمەریکا ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە وەی کە ڕێککەوتنەکەی پێشێلکردووە و ڕێگە نادات بە پشکنین چەکە ئەتۆمییەکانی و بەردەوامی دان بە ڕێککەوتنەکە.

پێشتر ئەمەریکا بە دیاریکراوی لە ساڵی 1967 خاوەنی 31 هەزار و 255 کڵاوە بووە، ئێستاش خاوەنی سێ هەزار و 750 کڵاوەی ئەتۆمییە، لە بەرامبەردا ڕووسیا 1985 ئاشکرای کردووە کە ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی 39 هەزار و 197 کڵاوە بووە، ئێستا خاوەنی پێنج هەزار و 977 کڵاوەیە، هەردوو وڵات چەند جارێک تاقیکردنەوەی کڵاوەی ئەتۆمییان ئەنجام داوە کە مەترسی گەورەیان لەسەر جیهان دروست کردبوو، بەڵام لەگەڵ ڕێککەوتنەکە ئەو تاقیکردنەوانەش ڕێگری لێ کرا.

لە ئێستادا ئەمەریکا و ڕووسیا دوو زلهێزەکەی جیهان خاوەنی 90% چەکە ئەتۆمییەکانی جیهانن، جیهانیش لە مەترسیی ئەوەدایە ئەو دوو وڵاتە زلهێزە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانیان دەست پێ بکەنەوە، کە دواجار بە مەترسی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم کۆتایی بێت.

راپۆرت/ یاد سرێشمەیی

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.