حکوومەتی هەرێمی کوردستان نوێترین وێستگەی هایدرۆپاوەر لە هەرێمی کوردستان لەسەر زێی گەورە دروست دەکات، کە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان لە چەندین ڕووەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێترین وێستگەی هایدرۆپاوەرە لە هەرێمی کوردستان، کە کارەبا لە ئاو بەرهەم دەهێنێت.
ڕاشیگەیاند: وێستگەکە، دەکەوێتە ناحیەی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی و لەسەر زێی گەورە دروست دەکرێت، ڕێژەی 95%ـی کارەکانی دروستکردنی تەواو بووە و گوژمەکەی 151 ملیۆن دۆلارە، ئەمە جگە لەوەی کە 50 هەلی کاری بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە.
سەگڤان شەوکەت، ئەندازیاری میکانیکی لە پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک، سەبارەت بە توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکە گوتی: وێستگەکە لە دوو تۆربایین پێکهاتووە و توانای بەرهەمهێنانی 37.2 مێگاوات کارەبای هەیە.
لەبارەی بەرهەمی ئێستای وێستگەکەوە، حەسەن یوسف، بەڕێوەبەری پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک، گوتیشی: ئێستا وێستگەکە کەوتووەتە کار و بەرهەمی هەیە، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی زێی گەورە، بەرهەمی ڕۆژانەی تەنیا 7 مێگاوات کارەبایە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش داوە کە وێستگەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک، جگە لەوەی کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان، لەهەمانکاتدا بە دۆستی ژینگە دادەنرێت و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پیسبوونی ژینگە نییە، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆکارێکیش بۆ باشتربوونی دۆخی کارەبا و کێشەی ڤۆڵتییەی ناوچەکەش، چارەسەر دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.