Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 15:42

بزانە کێشەیەکی دیکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا چییە

کوردستان TV
100%

دوای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا، بەردەوامی شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان هەر دوو وڵات، تا دێت کێشەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە قووڵتر دەبێتەوە و ڕووسیا هەڕەشەی نوێ لە ئۆکراینا دەکات، لە ئەگەر لەشکرکێشی بۆ سەر هەرێمی ترانسنیستریا.

ڕووسیا وڵاتی ئۆکراینای تۆمەتبار کرد کە پلانیان هەیە، هێرش بکەنە سەر هەرێمی ترانسنیستریا، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش لەمبارەوە ڕایگەیاند: سوپای ڕووسیا بەرگری لە ڕووسەکانی هەرێمەکە و کۆگەی تەقەمەنی کۆسپانە و هێزی پاسەوانی ترانسنیستریا و هێزی ئاشتی پارێزی وڵاتەکەی لەو هەرێمە دەکات، کە لە هەزار و 500 سەرباز پێکهاتووە.

هەروەها لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیادا هاتووە "هەر کارێک کە هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێمی ترانسنیستریا بکات، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە هێرشکردنە سەر فیدراسیۆنی ڕووسیا دادەنرێت".

لای خۆشیانەوە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا هەرێمی ترانسنیستریای وەک بەشێک لە خاکی وڵاتی مۆڵدۆڤا ناو برد و باسی لەوە کرد کە "ئێمە ڕێز لە سەروەری مۆڵدۆڤا دەگرین و ڕەخنەی لە تۆمەتی مۆسکۆ گرت کە کیێڤ هەوڵ دەدات بۆ داگیرکردنی ناوچەی دابڕێنراوی ترانسنیستریا و هەواڵەکەی بە بێ بنەما ناوی برد."

هەروەها وەزارەتی بەرگری مۆڵدۆڤا ئاماژەی بەوە دا کە "هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی سەربازی لە ترانسنیستریا نییە، بەڵکوو ئەوەی هەیە، ئەگەری هەوڵی کوودەتایە لە مۆڵدۆڤا لەلایەن ڕووسیا لە ئارادایە."

هەرێمی ترانسنیستریا دەکەوێتە نێوان سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئۆکراینا و وڵاتی مۆڵدۆڤا، ژمارەی دانیشتووانەکەی 470 هەزار کەسە کە لە هاووڵاتی (ڕووسی و ئۆکراینی و مۆڵدۆڤای) پێکهاتوون، ڕووبەرەکەی 4163 کیلۆمەتر دووجایە، دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت بووە بەشێک لە خاکی مۆڵدۆڤا، لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دوای شەڕێکی کورت جیابوونەوەی خۆی لە مۆڵدۆڤا ڕاگەیاند، خوازیاری گەڕانەوە بوون بۆ سەر خاکی ڕووسیا، هەرێمەکە هیچ دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی نییە، بەڵام بە پێی ڕێککەوتنێکی نێوان ڕووسیا و مۆڵدۆڤا، ڕووسیا 1500 سەربازی ئاشتی پارێزی خۆی لەو هەرێمە جێگیر کرد و تاوەکوو ئێستا لەو هەرێمە ماون.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەرێمی ترانسنیستریا مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و بووەتە جێگای زیاتری گرژییەکان نێوان رووسیا لە لایەك و ئۆكراینا و مۆڵدۆڤا و چەند وڵاتێكی دیكەی ئەورووپا لە لایەكی دیكەوە.

 

ئامادەکردنی/ یاد سرێشمەیی

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.