لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەپێناو گرنگیدان بە زمانی دایک و گۆڕینى تابلۆی شوێنە گشتییەکان بۆ کوردى، کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا و چەند بڕیارێک دەرکرا.
ئێوارەى ئەمرۆ شەممە 25ـی 02ـی 2023، لە سەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو گرنگیدان بە زمانی کوردی وەک زمانی دایک و ڕاسپاردنى گشت وه‌زاره‌ته‌كان پاڵپشت به یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە (6)ـی 2014 و پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانى کارى پێویست بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکوومی و ناحکوومییەکان، نووسینگە و نوێنەرایەتی و کونسوڵگەری وڵاتان، ڕێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجام درا.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا وێڕاى جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنى هه‌ردوو فەرمانى مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، کە لە رۆژی جیهانیی زمانی دایک، تایبەت بە گرنگیدان بە زمانی دایک دەریکرد، جەخت لە گرتنەبەرى ڕێككارى پێویست بۆ جێبەجێکردنى فەرمانەکان کرایەوە و سەرجەم لایەنە فەرمییەکان ڕاسپێردران دەست بە هەڵمەتێکى گشتگیر بکەن بۆ ئەو پرسە و لەمبارەیەوەش کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانە:-
یه‌كه‌م/ لە سنوورى پارێزگاى هەولێر لە ڕۆژى 25ـی 02ـی 2023 تاوەکوو 01ـی 04ـی 2023 کە هاوکاتە لەگەڵ بۆنە و یادە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، دەست بە هەڵمەتێکى نیشتیمانى بکرێت بۆ گۆڕینى تابلۆى شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان بۆ کوردى و هاووڵاتییان به شانازییه‌وه به‌شداربن له‌و هه‌ڵمته‌دا.
دووەم/ بۆ ماوه‌ى مانگێک دەرفەت بدرێت بەسەرجەم کۆمپانیاکان، شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان، تابلۆکانیان بگۆڕن بۆ بە زمانى دایک، بە پێچەوانەوە دوای ئه‌و ماوه‌یەى کە دیاریکراوە، لە 25ـی 02ـی 2023 تاوەکوو 01ـی 04ـی 2023، هەر کەس و خاوەن شوێنێک تابلۆكانی نه‌گۆڕێ، ڕێکارى پێبژاردنی بەرامبەرى دەگیرێتەبەر، ئەگەر بەردەوام بوو لەسەر نەگۆڕینى تابلۆکەى، لەلایەن شارەوانییەوە تابلۆکەى لێدەکرێتەوە و شوێنه‌کەى داده‌خرێت.
سێیەم/ ئەو شوێنانەى ناوی سه‌ر تابلۆکانیان ده‌گمه‌نن (شازن)، ده‌بێت بگۆڕدرێن، ئه‌وانه‌ی ناوه‌کان دەگۆڕن، ئاسانكارییان بۆ ده‌كرێت و له‌هه‌ر ڕێکارێکى پێبژاردن لە ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ته‌كانیان چاوپۆشى و سانکاریان بۆ دەکرێت.
چوارەم/ سه‌باره‌ت بە ناوى شوێنى بڕاندە جیهانییەکان، ناوى بڕاندەکە وەک خۆى دەمێنێتەوە، بەڵام لەسەر تابلۆکانیان دەبێت ئاماژە بۆ شویێنەکە بەکوردى نووسرابێت.
پێنجەم/ هۆتێل، ڕێستۆرانت، چێشتخانە، کافتریا، سەرجەم شوێنه گه‌شتیارییه‌كان، ده‌بێت له‌و ماوه‌یەى کە دیاریكراوه لە 25ـی 02ـی 2023 تاوەکوو 01ـی 04ـی 2023 ، لیستی خواردن و ڕێبه‌رى گەشتیاری بكه‌ن به‌كوردی، به پێچه‌وانه‌وه ڕێکاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
شەشەم/ سه‌باره‌ت به‌و هاووڵاتییە بیانییانەی بەمەبەستی کارکردن لە هەولێر نیشتەجێن، چاوەڕێى هه‌ردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە دەکرێت، تاوەکوو دەست بە ئامادەکردنی پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردی دەکرێت، دواتر دەست بەوەرگرتنى ڕێکارى تایبەت دەکرێت.
حەوتەم/ پێویسته كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن، نووسه‌ران، میدیاکاران، ڕۆشنبیران، لە ڕێگەى بەرنامەى تایبەت و کۆڕ و سمینار و چالاکى هۆشیارى و ڕ‌ۆشنبیرى، به‌شێک بن لە گرنیدان به زمانی كوردی و هاوكارمانبن بۆ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته نیشتمانییه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.