Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 17:39

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر باس لە رووداوێكی ناخهەژینی بوومەلەرزەكەی توركیا دەكات

کوردستان TV
100%

دوای بوومەلەرزەكانی توركیا لە شەشی شوباتی 2023دا، بۆ هاناوەچوونی لێقەوماوان و هاوكاری تیمەكانی فریاگوزاریی لە ناوچەكەدا، تیمێكی فریاگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، گەیشتنە ناوچە كارەساتبارەكان و ماوەی دوو هەفتە لەو ناوچەیە مانەوە.
تیمی فریاگوزاری ھەرێمی كوردستان پێكھاتبوون لە بەشی بەرگری شارستانیی و بەشی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆ، تیمەكانی وەزارتی تەندروستی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لقی ھەولێری مانگی سووری عێراقی كە لە كاتژمێرەكانی سەرەتای بوومەلەرزەكەدا، گەیشتنە ناوچە كارەساتبارەكان لە توركیا و دەستیان بەكارەكانیان كرد.
تیمی فریاگوزاریی هەرێمی كوردستان یەكشەممەی رابردوو گەڕانەوە هەرێمی كوردستان، ئەندامی تیمەكە و گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر، سەركەوت كاڕەش لە دیمانەیەكدا باسی لە هەوڵەكانیان بۆ رزگاركردنی هاووڵاتییان و دیمەنە لەبیرنەكراوەكانی ناوچە كارەساتبارەكان كرد.
سەركەوت كاڕەش گوتی: دوای روودانی بوومەلەرزەكە، ئێمە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ئاگاداركراینەوە كە تیمێكی راهێنراو ئامادەبكەین و بەهانای لێقەوماوان بچین، تیمێكی فریاگوزاریی كە پێكهاتبوو لە هەردوو بەشی بەرگری شارستانیی و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆ، تیمەكانی وەزارەتی تەندروستی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی كەمتر لە 24 كاتژمێر گەیشتینە شارۆچكەی ئیسڵاحییە لە پارێزگای غازی عەنتاب و پێشتر هەماهەنگی لەگەڵ ئافاد كرابوو، بۆیە لەوێ وەكو تیمێكی هاوبەش لەگەڵ ئافاد دەستمان بەكارەكانمان كرد.
سەركەوت كاڕەش گوتیشی: لەگەڵ گەیشتینمان بە شارۆچكەی ئیسڵاحییە، توانیمان كەمتر لە نیو كاتژمێر لەو باڵەخانەی كە پێمان سپێردرابوو، تەرمی ئافرەتێك لەژێر دارووپەردوو دەربهێنین.

لە شارۆچكەی ئیسڵاحییە، چوار باڵەخانە بە تیمەكانی بەرگری شارستانیی هەولێر سپێردرابوو، وەك سەركەوت كاڕەش ئاماژەی بۆ دەكات لە یەكێك لە باڵەخانەكان توانیوویانە باوك و كچێك رزگار بكەن كە ماوەی سێ رۆژ بوو لەژێر باڵەخانە سێ نهۆمییەكەدا بوون.
سەركەوت كاڕەش چیرۆكی رزگاركردنی باوك و كچەكە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: چوار باڵەخانە بە فەرمی بە ئێمە درابوو، یەكێك لەو باڵەخانانە لە ناوچەی زەمانییەی شارۆچكەی ئیسلاحییە بوو كە باوك و كچێك ماوەی سێ رۆژ بوو لەژێر باڵەخانە رووخاوەكەدا مابوونەوە، كاتێك دەستمان بەكارەكانمان كرد بۆ رزگاركردنیان، سەرەتا نەفەقێكمان دروست كرد بۆ ئەوەی بگەین بەو باوك و كچە، كچەكە كەوتبووە سەر سنگی باوكی و پارچە پلێتێكی گەورە لەنێوانییاندا هەبوو، باوكەكە بۆ ماوەی سێ رۆژ كچەكەی لەسەر سنگی بوو، هەردووكیشیان لەژێر باڵەخانەیەكی سێ نهۆمیی رووخاودا بوون، ئەم دیمەنانە ئەوەندە تراژیدیایی بوون كە مرۆڤ بەرگەی نەدەگرت، كاتێك ئەوان دەنگی ئێمەیان بیست، دڵنیایی ئەوەمان پێیان دا كە یان رزگاریان دەكەین یان ئێمەش لێرە دەمرین، ئیتر لە كاتژمێر یەكی دوای نیوەڕۆ تا چواری بەرەبەیان توانیمان هەردووكیان بە زیندوویی رزگار بكەین.
سەركەوت كاڕەش گوتیشی: سوورەیا ناوی كچەكە بوو كە ئێستا لە نەخۆشخانەیەكی غازی عەنتابە چونكە قاچێكی كەوتبووە ژێر كۆنكریتی سەقفەكە و سوڕابوو، لە دوو جێگاش شكانی هەبوو، پێویستی بە نەشتەرگەری هەبوو، بەڵام باوكی باشتر بوو هەر زوو نەخۆشخانەی بەجێهێشت، ئێمە وەكو تیمەكانی بەرگریی شارستانی ئەم جۆرە كارەساتانەمان نەدیووە، بۆیە بۆ ئێمە زۆر ناخۆش بوو، بەڵام هیچ دیمەنێك وەك دیمەنی ئەو باوك و كچە لە هزرمان دەرناچێت، چونكە كاتێك گەیشتینە شوێنەكە هیچ دەرچەیەك نەبوو پێیان بگەین، تەنیا لە كونێكی بچووكەوە دەنگی كچەكە دەهات كە هاواری دایكی دەكرد لە كاتێكدا نەیزانی بوو پێش یەك كاتژمێر تەرمی دایك و خوشكێكی دەرهێنرابوو، نەیدەزانی دایكی لەم رووداوەدا گیانی لەدەستداوە.
گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر باس لە دیمەنە تراژیدیاكانی ئەوێ دەكات و دەڵێت: دیمەنەكان زۆر تراژیدیایی بوون، هەر كوچە و كۆڵانێك چەندین چیرۆكی تیادابوو، دەمانبینی باڵەخانەیەك رووخاوە و باوكێك لەبەردەم باڵەخانە رووخاوەكەدا ئاگرێكی كردووەتەوە و دانیشتووە چاوەڕێی چارەنووسی كەسوكاری یان دەرهێنانی تەرمی ئازیزێكی دەكات.
هەروەها سەركەوت كاڕەش لەبارەی ژمارەی ئەو كەسانەی كە لەلایەن تیمەكانی ئەوانەوە دەرهێنراون گوتی: ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ ئافاد توانیمان 184 تەرم لە میانی دوو هەفتەدا دەربهێنین، هەروەها وەكو تیمی بەرگری شارستانیی هەولێر توانیمان لە شوێنێكی دیكە دوو كەس بە زیندوویی رزگار بكەین و 12 تەرمیش لەژێر باڵەخانە رووخاوەكان دەربهێنین.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە شەشی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەكانی 7،7 و 7،6 پلە توركیایان ھەژاند و سووریایشی گرتەوە و لە ھەرێمی كوردستانیش بەگوڕی ٤،٧ پلە ھەستی پێكرا.
بوومەلەرزەكان ژمارەیەكی زۆر قوربانی لێكەوتەوە و تا ئێستا ژمارەی ئەو كەسانەی لە توركیا و سووریا بەھۆی بوومەلەرزەكەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە نزیكەی 48 ھەزار كەس.
دوای بوومەلەرزەكانیش چەند تیمێكی فریاگوزاریی بە مەبەستی بەھاناوەچوونی لێقەوماوان گەیشتنە ناوچەكە و لە میانی دوو ھەفتەدا، سەرقاڵی گەڕان و پشكنین بوون و چەندین كەسیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەكان رزگار كرد، لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوخۆی ھەرێمی كوردستان چەندین بارھەڵگری كۆمەك و ھاوكاری رەوانەی ناوچە كارەساتبارەكان كران.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.