Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 15:49

بڕیاردرا.. له‌ هه‌ولێر كێشه‌ی سه‌گی بێلانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ پارێزگای هه‌ولێر، بڕیاردرا زەوى پێویست ته‌رخان بكرێت و لە ماوەیەکى نزیکدا دەست بە دروستکردنى شڵتەرێک بۆ داڵدەدانی سەگى بێلانە بکرێت.

ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەم بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا بە مەبەستى دروستکردنى پەناگەیەک بۆ داڵدەدانی سەگى بێلانە و کەمکردنەوە و نەهێلانی ئەو سەگانە لە سەر شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کە بوونەتە مەترسى بۆ سەر گیانى هاووڵاتییان و بڵاوبوونەوەى نەخۆشی و پەتا.

لە کۆبوونەوەکەدا كه‌ سه‌رجه‌م لایەنه‌ پەیوەنداره‌كان ئامادەى بوون، پاڕێزگارى هەولێر بۆ چارەسەرکردن و دوورخستنەوەی سەگى بێلانە لەناو شار کە دیاردەیەکى ناتەندروست و ناشارستانی دروست کردووە، ڕایگەیاند "پارچەى زەوى پێویستمان لە دەرەوەى شار دابین کردووە".

ڕاشیگه‌یاند "سەرجەم لایەنە پەیوەندارەکانیش ڕاسپێردراون لە زووترین کاتدا دەست بکەن بە ئامادەکارى پێویست بۆ دروستکردنى پەناگە (شێلتەرێک) لەو پارچە زەوییەى کە تەرخانکراوە وەک قۆناغى یەکەم، هه‌روه‌ها لە قۆناغى داهاتووشدا دەست ده‌کرێت بە هەڵمەتى گرتن و کۆکردنەوەى ئەو سەگانە لەو شوێنەدا لەپێناو بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان و بەرەنگاربوونەوەی زیادبوون و ڤاکسینکردنیان".

بڵاوبوونەوەى سەگى بێلانە لە شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان جگە لەوەى دیاردەیەکى ناشارستانییان دروستکردووە، لە ڕووى تەندروستیشەوە هەبوونى ئەو ئاژەڵە بێلانانە لەناو شاردا هۆکارێکن بۆ بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەکان و مەترسیین بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان بە تایبەتی منداڵان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.