Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 13:49

ئێران لۆمەی عێراق دەکات.. لەبەرامبەردا عێراق ستایشی دەکات

کوردستان TV
100%

سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق ڕایگەیاند، پشتیوانی لە حکوومەتی عێراق دەکەن، بەڵام عێراق بووەتە شوێنی پیلانگێڕی و هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی.

دوێنێ یەکشەممە 26ـی 02ـی 2023 ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران پێشوازی لە سابت محەمەد سەعید ڕەزا عەباسی کردووە، ئێران و عێراق دوو ڕاگەیەنراوی جیاوازیان بڵاو کردۆتەوە.

لە ڕاگەیەنراوی لایەنی ئێرانی لەبارەی کۆبوونەوەکە هاتووە، "ڕەئیسی ڕایگەیاندووە، ئێران پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق دەکات بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئابووری و سەربازی لە وڵاتەکەدا، لە هەمانکاتدا عێراق بووەتە شوینێک بۆ پیلانگێڕی و هەڕەشە دژی دراوسێکانی."

باس لەوەش کراوە کە "ڕەئیسی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و عێراق بە سنووری دۆستایەتی و هاوکاری دەزانێت، جەختیش کرایەوە کە ئێران ئاسایشی عێراق بە بەشێک لە ئاسایشی خۆی دەزانێت، هاوکات پشتیوانی لە هەوڵەکان دەکات بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق."

لەبەرامبەردا وەزیری بەرگری عێراق پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێست و پاڵپشتییەکانی ئێران بەرامبەر بە گەلی عێراق لە کاتی دەستدرێژییە دەرەکییەکان و بەتایبەت هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش دەربڕیوە.

عەباسی جەختی کردۆتەوە کە ڕێگە نادات چەکدارەکان هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق بکەن.

هاوکات وەزیری بەرگری عێراق داوای لە ئێران کردووە بەردەوام بێت لە پشتیوانییەکانی بۆ حکوومەت و گەلی عێراق، لەو دۆخەی ئێستای عێراق کە لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەدایە.

لەبەرامبەردا وەزارەتی بەرگری عێراقیش ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، باسیان لە پرسە هاوبەشەکانی پەیوەست بە لایەنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ کردووە.

ئاماژە بەوەش دراوە کە سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لە پاڵپشتیکردنی وڵاتەکەی لە هەوڵەکانی عێراق بۆ بنیاتنانەوەی وڵات لە هەموو ڕوویەکەوە کردووە.

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی بەرگری عێراق باس لەوەش کراوە کە عەباسی پاڵپشتی ئێرانی بۆ عێراق و گەلەکەی، بە تایبەت لە کاتی شەڕەکانی دژ بە تیرۆر بەرز نرخاندووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.