Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 14:09

پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2015 و 2016 دابەش دەکرێت

کوردستان TV
100%


شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵی 2015 و 2016 لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک خەرج دەکرێت و چەکی تەرخانکردنی پارەکە گەیشتووەتە بانکەکانی هەرێمی کوردستان.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانەوە ڕایگەیاند: ''چەكی پارەکە بۆ ساڵی 2015 و 2016 گەیشتووە، لە دهۆک خەرج کراوە و ئەمڕۆ لە هەولێر دەست بە خەرجكردنی دەكەین".

لەبارەی دابەشکردنی پارەکە بۆ جووتیارانی سنووری پاریزگای سلێمانی، نەوزاد شێخ کامیل، ئەوەی گوت: "لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا لە سلێمانی خەرج دەكرێت و پڕۆسەکە لەوێش بەڕێوەدەچێت".

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، سەبارەت بە بڕی ئەو پارەیەی کە گەیشتووە، دەڵێت: "بڕەكەی 139 ملیار و 687 ملیۆن دینارە و تایبەتە بە شایستە داراییەکانی 2015ی گەنمی جووتیاران".

بەپێی زانیارییەکان، پارەکە بەم شێوەیە بەسەر جووتیارانی پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت: ''هەولێر 60 ملیار و 569 ملیۆن و 748 هەزار دینار، سلێمانی 44 ملیار و 129 ملیۆن و 404 هەزار دینار، لە دهۆکیش 34 ملیار و 987 ملیۆن و 911 هەزار دینار.''

ئەم خەرجکردنە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیاران بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە پەیوەندیدا بووە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.