به‌رپرسێكی باڵای حكوومه‌تی ڕووسیا ئه‌مڕۆ دووشه‌م ڕایگه‌یاند، هاوكارییه به‌رده‌وامه‌كانی رۆژئاوا بۆ ئۆكراینا به چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، دواجار ده‌بێته هۆكاری دروستبوونی كاره‌سات و سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی ئه‌تۆمی له جیهاندا.
دمیتری مێدڤیدیف جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی ڕووسیا له چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: بێگومان به‌رده‌وامی پێشكه‌شكردنی هاوكاری سه‌ربازی و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌لایه‌ن رۆژئاواوه بۆ ئۆكڕاینا ڕێگری له هه‌ر ئه‌گه‌رێكی زیندووكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كان ده‌گرێت.
گوتیشی: ئه‌گه‌ر دوژمنه‌كانمان له‌م كاره‌یان به‌رده‌وام بن ئه‌وا له گه‌یشتن به ئامانجه‌كانیان شكست ده‌هێنن، بێگومان له كۆتاییشدا شكسته‌كه بۆ هه‌مووان ده‌بێت كه كۆتایی جیهانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، وای لێ دێت بۆ ماوه‌ی چه‌ندان سه‌ده مرۆڤایه‌تی له‌بیری ده‌كات كه ژیان له‌م ناوچه‌یه چۆن بووه.
ئه‌م لێدوانه‌ی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی ڕووسیا له كاتێكدایه كه ڤلادیمێر پووتین سه‌رۆكی ڕووسیا هه‌فته‌ی ڕابردوو ڕایگه‌یاندبوو كه هه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆی مۆسكۆ له‌لایه‌ن هه‌ر وڵاتێكه‌وه جه‌نگی ئه‌تۆمی و جیهانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
جێی باسه رۆژی هه‌ینی ڕابردوو ڕێكه‌وتی 24/2/2023 ساڵێك تێپه‌ڕی به‌سه‌ر ده‌ستپێكی شه‌ڕی سوپای ئۆكراینا و ڕووسیا، له ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا به‌هۆی جه‌نگه‌وه ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی و سه‌ربازی ڕووسی و ئۆكراینی گیانیان له‌ده‌ستداوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ملیۆنان كه‌س ئاواره و ده‌ربه‌رده‌ر بوون و شه‌ڕ و ماڵوێرانیش له‌نێوان هه‌ردوو وڵات تا ئێستا هه‌ر به‌رده‌وامه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.