ئه‌مڕۆ دووشه‌م له پارێزگای هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌ك تایبه‌ت به‌ڕێوه‌چوو و تێیدا بڕیاردرا پڕۆژه‌كان به‌گشتیی و باڵه‌خانه و شوقه‌كان به‌تایبه‌تی به دیزاین و کوالیتیەکى زۆر باش دروست بکرێن.
به سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئەو بوومەلەرزانەى کە لە هەولێرى پایتەخت و بەشێکى تر لە هەرێمى کوردستان و چه‌ند وڵاتی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ش لە دواى بومەلەرزە وێرانکەرەى توركیا و سووریا هه‌ستی پێ كرا و بە مەبەستى ئامادەباشى و ئامادەكاریی لایەنەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هه‌ر ئەگەرێکى ڕووداوێکى لەناکاو و نەخوازراوى بوومەلەرزە، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت بە کارەکانى هەردوو لیژنەى بە دواداچوونى چۆنیەتى دروستکردنى ئه‌و باڵه‌خانه و شارانه‌ی کەوتونەتە ناوەوە و دەرەوەى زۆنى سەوزى شارى هه‌ولێر ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگەیاند: پڕۆژه‌كان به‌گشتیی و باڵه‌خانه و شوقه‌كان به‌تایبه‌تی، دەبێت به دیزاین و کوالێتییەکى زۆر باش دروستبکرێن.
هه‌روه‌ها تیشکى خستەسەر چارەسەری کاریگەرییەکانی بوومەلەرزە لە سەر باڵەخانەکان و ئاماژە بەوەدا کە بوومەلەرزە ڕووداوێکى سروشتى پێشبینی نەکراوە، بۆیە دەبێت پێش ڕوودانی لە دروستکردنی بینا و باڵەخانەکان پێداچوونه‌وه به مۆڵه‌تی دروستكردنی باڵه‌خانه‌كان و توندوتۆڵكردنی مه‌رجه‌كانى سه‌لامه‌تی لە دیزاین و بەكارهێنانی ماددە و كەرەستە بیناسازییەكان لە ڕووبەڕووبوونەوە و كەمكردنەوەی زیانەكانی بوومەلەرزەدا بکرێت و بە سوود وەرگرتن له ئه‌زموونی وڵاتانی خاوەن ئه‌زموون و پێشکەتوو، تەواوى پڕۆژه‌ى شوقەكانى نیشتەجێبوون و باڵه‌خانه‌کان به دیزاینێكی گونجا و كوالێتییه‌كی زۆر باشى زانستى و ئەندازەیى دروست بکرێن.
بە پێی نەخشەی بوومەلەرزەیی 3 ناوچە هەیە، ناوچەی سوور واتە ئەو وڵاتانەی لەسەر هێڵی بوومەلەرزەی مەترسیدارە، ناوچەی پرتەقاڵی واتە کاریگەری بوومەلەرزەیان لەسەرە، بەڵام مەترسی کەمترە، ناوچەی سەوزیش واتە بوومەلەرزەی تیادا ڕوودەدات بەڵام سەلامەتە، هەرێمی کوردستان و عێراق لە ڕووی بوومەلەرزەییەوە لە ناوچەی پرتەقاڵی دایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.