Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 09:54

سەرۆکی حکوومەت وادەی دابەشکردنی یه‌كه‌م مووچە به‌ شێوازی دیجیتاڵی ئاشکرا دەکات

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێدانی  یەکەم مووچە به‌ شێوازی دیجیتاڵی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دەستپێشخەریی (هەژماری من) دەست پێدەکات، کە بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان، هاوکات وادەی دابەشکردنی یەکەم مووچەی بە شێوازی دیجیتاڵی ئاشکرا کرد. 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی 02ـی 2023 دەستپێشخەریی (هەژماری من)ـی ڕاگەیاند کە بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لە میانەی قۆناغی تاقیکاریی ئەم دەستپێشخەرییەدا، مووچەی نزیکەی 850 کارمەندی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوون لە هەولێر بە دیجیتاڵی دەخرێتە سەر هەژمارە بانكییه‌ نوێیەکانی فەرمانبەران.

ڕاشیگەیاند: بە سوودوەرگرتن لەم دەستپێکە، پڕۆژه‌كه‌ فراوانتر ده‌كه‌ین و لە مانگی حوزەیرانەوە کار لەسەر ئەوە دەکەین کە لە ماوەی دوو ساڵی داھاتوودا پێدانی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم دیجیتاڵی بێت.

مەسرور بارزانی هەروەها گوتی: (هەژماری من) ڕێگەیەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو بۆ فەرمانبەرانی حکوومەت و خانەنشینان دەڕەخسێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن لە ڕێی تۆڕێک لە ئامێری ڕاکێشانی پارەوە (ATM)، مووچەکانیان وەربگرن، کە لە سەرووی 1000 شوێن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا بەردەست دەبن. جگە لەوەش، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، دەستیان بە خزمەتگوزارییە مۆدێرنەکانی بانک دەگات، لەوانە قەرز، توانای پاشەکەوتکردن، حەواڵەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، توانستی پارە ڕاکێشانی نێودەوڵەتی و پارەدانی ئۆنڵاین و دیجیتاڵی.

گوتیشی: ئەم دەستپێشخەرییە، بە دڵنیاییەوە، دەبێتە هۆی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و خێراکردنی پڕۆسه‌ی وه‌رچه‌رخانی دیجیتاڵیمان و گەشەپێدانی ئابووریمان و لە هەمانکاتدا پشتبەستنمان بە مامەڵەی کاش کەم دەکاتەوە، بەمەش کارایی و شەفافیەتی حکوومەت زیاتر دەکات.

مەسرور بارزانی هەروەها ڕوونی کردەوە کە "(هەژماری من) یەکێکە لەو دەستپێشخەرییە درێژخایەنانەی کابینەی نۆیەم، کە بۆ بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زیادکردنی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ بازرگانی لە کوردستاندا دەیخاتەڕوو. لەم ڕووەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە فراوانکردنی ئەم دەستپێشخەرییە و ڕێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر بۆ هاندانی زیاتری پارەدانی دیجیتاڵی."

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەی سوپاسی وەزارەتی دارایی و ئابووری کرد بۆ پشتگیریی بەردەوامیان لە سەرپێخستنی ئەم دەستپێشخەرییە و بۆ هەوڵی بەردەوامیان لە بواری چاکسازیدا.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.