Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 05:49

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حكوومەتی بریتانیا دەكات

کوردستان TV
100%

ڕۆژی چوارشەممە 1ی ئاداری 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حكوومەتی بریتانیا بە سەرۆكایەتیی لۆرد ئەحمەد وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و باشووری ئاسیا و نەتەوە یەكگرتووەكان لە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا كرد.
لە دیدارەكەدا كە مارك برایسۆن ریچاردسۆن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و خاتوو ڕۆزی كەیڤ كونسوڵی بریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوون، لۆرد ئەحمەد پێزانینی بۆ خەبات و تێكۆشانی سەرۆك بارزانی هەبوو و ڕۆڵ و كاریگەریی سەرۆك بارزانی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەرز نرخاند.
هەر لەو دیدارە ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و باسیش لە دوایین پێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق كرا.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان لایەنەكان ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە ئەمساڵ، هەڵبژاردنەكانی هەرێم بەڕێوە بچن.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو و هەردوولا جەختیان لە بایەخ و گرنگیی پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە كردەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.