Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 06:00

لە هەولێر لیژنەیەك بۆ پشكنین و كاریگەرییەكانی بوومەلەرزە لەسەر باڵەخانەكان پێكهێنرا

کوردستان TV
100%

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانی هەولێر، رایگەیاند، دوای روودانی بوومەلەرزەكەی شەشی شوبات لە توركیا، لیژنەیەك بە مەبەستی پشكنین بۆ باڵەخانەكان لە هەرێمی كوردستان پێكهێنراوە و دوای تەوابوونی پڕۆسەكەش، راپۆڕتی خۆیان دەنووسنەوە و دەیدەن بە وەزارەتی شارەوانی.
عەبدولواحید ئەحمەد لە لێدوانێكیدا گوتی: بەداخەوە بۆ ئەو بوومەلەرزانەی كە لە توركیای دراوسێ روویاندا و زیانی گیانی لێكەوتەوە، یەكێك لەوشوێنانەی كە هەستی پێكرا شاری هەولێر بوو، بۆیەش سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری راسپارد كە لە رێگای پارێزگای هەولێرەوە لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێنێت بۆ پشكنینی سەرجەم باڵەخانەكان.
گوتیشی: لیژنەیەكی هاوبەش دامەزراوە بە هاوبەشی لەگەڵ پارێزگای هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنان و سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر، هەروەها هەر لایەنێك بیەوێت بچێتە ناو لیژنەكە ئەوا دەتوانێت.
بەگوتەی سەرۆكی شارەوانی هەولێر، ئامانج لە دروستكردنی لیژنەكە جگە لە پشكنینی باڵەخانەكان، ئەوا هەڵسەنگاندن بۆ كاریگەرییەكانی بوومەلەرزە لەسەر باڵەخانەكان دەكرێت و گوتی: ئامانج لە دروستكردنی لیژنەكە ئەوەیە كە سەردانی گشت باڵەخانەكان بكەن لە شاری هەولێر، بۆ ئەوەی بزانن كاریگەرییەكانی بوومەلەرزەكە چی بووە لەسەر باڵەخانەكان لە هەمانكاتدا پشكنین و بەدواداچوون جۆرێكە لە دڵنیایی بۆ هاووڵاتییان، تا ئێستا دەرەنجامەكان باشن و هیچ گرفتێك نەبووە.
سەرۆكی شارەوانی هەولێر، لەبارەی ماوەی دەستبەكاربوونی لیژنەكە و كارەكانی بە گشتی، گوتی: لیژنەكە لە هەفتەی رابردووەوە دەستی بەكارەكانیی كردووە، دواتر راپۆڕتی خۆی دەنووسێتەوە و ئێمەش پێشكەشی سەرووی خۆمان دەكەین، تا ئێستا هیچ راپۆڕتێك نەگەیشتووەتە دەستمان، بەڵام بەپێی راپۆڕتە بەراییەكان تا ئێستا هیچ گرفتێكی مەترسیدار لە باڵەخانەكاندا نەبووە..

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.